کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامەکانی میکۆنوس بۆ شۆڕشی ژینا

12:28 - 21 خاکەلێوه 2723

ڕەحمان سەلیمی

٢١ی خاکەلێوە لە ڕۆژژمێری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گەورەترین ڕیسوایی ئەو ڕێژیمەی تۆمار کردوە. کاتێک تێرۆری میکۆنوس ڕووی دا کە تیایدا دوکتور شەڕەفکەندی، سکرتێری حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی لەلایەن تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی و بە فەرمان و پلانی ڕێبەرانی پلەباڵای ئەو ڕێژیمە لە بێرلینی پێتەختی ئەڵمان تێرۆر کران، ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی پێیان وابوو کە چارەنووسی پەروەندەی میکۆنوسیش وەک ئەو دەیان و سەدان تێرۆرەی لە ئورووپا و باشووری کوردستان ئەنجامیان داوە، دەبێتە قوربانیی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان.

دەرچوونی حوکمی مێژوویی میکۆنوس بە تاوانبار ناساندنی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی هەڵگری کۆمەڵێک ئاماژە و لێکەوتە لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو:

- دەرکەوتنی ئاسۆی نەزمی نوێی نێودەوڵەتی کە بانگەشەی بەرگری لە بەها مرۆییەکانی وەک دیمۆکڕاسی و دادپەروەری و مافی مرۆڤی دەکرد. لەو قۆناغەدایە بەرەی ڕۆژئاوا کە دەبێتە حاکمی موتڵەقی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵی جێخستن و سەقامگیرکردنی ئەو بەهایانە دەدا و لەو پێناوەدا و لە ڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تەنانەت سنووری دەسەڵاتدارێتیی وڵاتانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە چەند کەیسدا دەبەزێنێ.

- کۆتایی جەنگی سارد دەرفەتی بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆش کرد تا لە چەندین وڵات دادگای تایبەت بۆ تاوانە دژە مرۆییەکان پێک بێت. ئەو ئاراستەیە کاریگەریی لە سەر شێلگیری و جەسارەتی دادگا ڕۆژئاواییەکان دانا بەشێوەیەکی گشتی. دادگای میکۆنوس لەو هەلومەرجە تایبەتەدا پێک هات.

- حوکمی دادگای میکۆنوس کە بوومەلەرزەیەکی سیاسی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و ئورووپا لێ کەوتەوە، دەستی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی بە چەشنێک ڕوو کرد کە تا ڕادەیەکی بەرچاو ناچار بوو واز لە تێرۆری نەیارانی خۆی لە ئورووپا بێنێ.

مەحکووم کردنی کۆماری ئیسلامی بە تێرۆریزمی دەوڵەتی لە لایەن دادگایەکی سەربەخۆی ڕۆژئاواییەوە، لەلایەکەوە ڕوخساری ئەو ڕێژیمەی زیاتر لە پێشوو بۆ ڕای گشتیی نێودەوڵەتی دەرخست و لە لایەکی دیکەوە ڕەوابوونی خەباتی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی سەلماندەوە.

گەلی کورد و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران وەک قوربانیی سەرەکیی تێرۆری میکۆنوس و دەیان پیلانی دژەئینسانیی ڕێژیم لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی هەر دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا، زیاترین تێچووی لەپێناو ڕزگاریی ئێران لە سەرەڕۆیی و ئیستبداد داوە. تێرۆری میکۆنوس و پاشهاتە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی بەڕوونی ئەو واقعییەتەی دەرخست کە گەلی کورد پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری خەباتە لەپێناو وەدیهێنانی ئازادی و بەها سەردەمەکانی مرۆڤایەتی.

سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە کوردستان و هەستیاریی زیاتری ڕێژیم بە خۆپێشاندان و چالاکییە شۆڕشگێڕانەکانی کوردستان، بۆ جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی بۆ گەلانی ئێران دەرخستەوە کە دڵی ئازادیخوازیی ئێران لە کوردستان لێ دەدا. پێشەنگایەتی کوردستان لە شۆڕشی ژینادا کە بەرهەمی ڕابردووی خەباتی مافخوازیی گەلی کورد و وشیاریی سیاسیی خەڵکی کوردستانە، واقعییەتێکە کە تەنیا ناوەندگەرایانی فاشیستی ئێران دەتوانن نکۆڵی لێ بکەن. ئەو گرووپ و لایەنانەی کە بەردی تەواویەتی سەرزەمینیی خاکی ئێران لە سینگیان دەدەن و جیایی خوازیی وەک هەڕەشەیەکی جیددی دەبینن بۆ سەر داهاتووی ئێران، چاو لە هەموو بەهاکانی ئەو شۆڕشە و دروشمە ستڕاتیژییەکەی کە ژن ژیان ئازادییە، دەنووقێنن و هەموو کێشەکانی ئێران کورت دەکەنەوە لە بەرەنگاربوونەوەی جیایی خوازی، کە زیاتر مەبەستیان گەلی کوردە.

پەیامی دوکتور شەڕەفکەندی لە ڕیستۆرانی میکۆنوس بەر لەوەی ببێتە ئامانجی فاشیزمی دینی، هاوکاری و هاوئاهەنگیی هێز و لایەنە ئێرانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی بوو. ئامانجی تێرۆری میکۆنووسیش لێدان بوو لەو پەیامە کە کاری بۆ یەکڕیزیی هێز و لایەنە ئێرانییەکان دەکرد.

ئەوەی ئێمە لەسەر شەقامەکانی ئێران دەیبینین و دەیبیسین زۆر جیاوازە لەو بانگەشە ناشازانەی بەشێک لە ئێرانیانی فەرەنگ‌نشین بە ئیلهام‌وەرگرتن لە ئێرانشارییەکانی بێرلین لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا هاواری بۆ دەکەن.

ڕێچکەی ڕاستەقینەی شۆڕشی ژینا بە ڕاستەڕێی ژن ژیان ئازادیدا تێ دەپەڕێ نەک خەونی کۆمەڵێک کەس و لایەنی دابڕاو و نائاگا لە بارودۆخی ئێستای ئێران. سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە کوردستان، درێژکراوەی هەنگاوەکانی دوکتور سەعید و ڕێبەرانی دیکەی کوردە بۆ داڕشتنەوەی ئێران لەسەر بنەمای کۆتایی‌هێنان بە ستەمی نەتەوەیی، چینایەتی و ڕەگەزی، کە بە دروستی لە دروشمی ژن ژیان ئازادیدا ڕەنگی داوەتەوە.