کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ کاکی کاکان (لە دوو ساڵەی فڕینی ڕوحی لوقمان مێهفەردا)

16:29 - 21 خاکەلێوه 2723

پارتیزان

بە سەر تیرەگەکانەوە، لە سەر لێوی ئاسۆ، لەسەر پەڕی باڵی تیژفڕێکی کوێستان، تۆ هەی ئەی هاوڕێ!

تۆ لە بڵیندترین لوتکەی داگیرنەکراو هەتا پێدەشتی سەربڵیندی لەسوورا شۆراو، تۆ هەی ئەی هاوڕێ!

هەموو چاو لە ڕێگان و دەرگای ماڵەکانیان کردۆتەوە، تۆ بە ڕێچکەیەکدا ئاودیوی نیشتمان دەبیەوە و بازە و باز هەتا کرماشانی پێتەخت، هەتا لوڕستانی مەزن ڕکێفی ئەسپەکەت توند دەکەیت و بۆ هەڵهاتنی ڕۆژ بۆ سەر لەبەیانیی لەشکری خاوەن بەڵێنی کەلهووڕ بۆ هاتنەوەت چاوەڕێن!

هۆ سەردارە شەهیدەکەی نیشتمان مەتەرێزی بەرگری و بەرخۆدان!

بە فەڕشی سوورەوە بە چەک و ڕەختەوە بە ڕیز وەستاون، جگە لە بوێری لەو نیشتمانەدا ئەمڕۆ هیچی‌تر هەناسە نادات... ترس ئیدی شڵغە نادات و ڕووی گوڵێکی تر سیس ناکات.

هۆ کاکی کاکان!

 بەو بزەت کە سوێندی قوتابییەکانتە سوێند دەخۆین و دەڵێین، ئەی گلێنەی چاوی وشەی شەهید، ئەی سەراپا نوقمی شەڕەف بۆ بەرەنگاری حاکمانی وڵاتی خوڕافات، تۆ هێما و سروودی پڕ هیوای و چرۆی گەشی بۆ بەهارانی ڕابردوو، بۆ بەهارانی داهاتوو وەکوو قیبلە و ڕاکێشەری ئازایەتیت.

کاکی کاکان!

بۆ زێدەکەت بۆ هەواری پڕ بەڵێن و ڕاوەستاوی نیشتمانت، بۆ شنۆ بۆ ناوەندی خەبات و گۆڕستانی مۆڵگەکانی دوژمن نامەی گەڕانەوت بنێرەوە.

باڵندە پۆستەچیەکانی جیهان لەسەر سەرت باڵ لێ دەدەن، دەخوازن وشەی قورس و سەنگینی گەڕانەوەت بە کۆڵ دادەن و بیفڕێنن بۆ زێدەکەت، وەکوو متفەڕک بیدەن لە یەخە و سینگ و بەرۆکی شاخ و دارستان.

گەورەم وا خەریکە ڕۆژ هەڵدێ. بەئەسپایی ملی ڕێگە دەگریت و دەگەیتە ئیلام. ڕێبازی پڕ بریقەی پتەوت شۆقی لە خۆری خودا بڕیوە. ڕێبوارانی سەربەستی بە درێژایی زاگرۆس دیدەیان ڕۆشن دەبێ. ئێرە سنەیە بە ڕەنگی سوور لەسەر لەشی ئاسمانی برینداری خۆی نووسیویەتی تۆ ڕێبوارەکەی ڕێگای حەزرەتی پێشەوای.

پشوو نادەی دەکەویتەوە ڕێگا. ژمارەی هاوڕێیانت هەزارانی تێپەڕاندووە. تۆی دژە سنوور بەردەوامی لە پێوانی ڕێگا. تۆ ئێستا بە قەدەر دوژمن ڕقت لە وچانە، پشتت وەهیچ نادەی جگەلە ڕێگاکانی گەیشتن بە ئامانجی بەرزی نیشتمان و کەلامت باڵ دەکێشێتە سەر ناوی کوردستان و دەبێتە قەڵغانێکی پۆڵایین کە لە تێکەڵبوونی  ئیراده و کردارەوە بەرهەم هاتووە !

کاکی کاکانم!

پێش ڕۆژئاوا دەروازەکانی مەهاباد پڕە لە جەماوەر،

هەتا کۆشکی سەرۆک کۆماری پێشمەرگە و پارێزەرانی سەرۆکی کۆماری کوردستانی گەورە   بە ڕیز بوون، سەر هەڵدێنی ڕێزی نیزامیت لەبیرە بەرەو ڕووی ئاڵا دەوێستی و سەربەرز وەکوو قەندیل.

دەستت بەرانبەری سەرت ڕاگرتووە پڕ بە دەمت  بە هاوارێکی پڕ ژین وەهمی مەرگی خۆت دەسەلمێنی. "ئەی ڕەقیب"ەکەی تۆ دەگاتە گوێی ورمێ.

تۆ ئەی هاوڕێ لوقمان، کاکی کاکان! تۆ درەختێکی نەمری و پاشی بڕینیش پتر ڕۆ دەچی بە جەرگی زەویدا.