کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی خوێندکاران لەسەر ژاراویکردنی قوتابییان

16:35 - 21 خاکەلێوه 2723

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوە، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

قوتابییان و خوێندکارانی کوردستان!

دایکان و باوکانی زەحمەتکێشی کورد!

گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران!

وەک دەزانن ماوەی چەند مانگێکە ڕێژیمی بەناو ئیسلامیی ئاخوندیی ئێران، دەستی داوەتە کارێکی قێزەون و دژە ئینسانی و زۆربەی قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان و لەوانە قوتابخانەی کچانە بە دەرمان و مادەی کیمیایی ژەهراوی دەکات و هەتا ئێستەش لەسەر ئەم کردەوە جینایەتکارانەی بەردەوام و پێداگرە، و دوایین کردەوەی ژەهراویکردنی قوتابییانی کورد لە شارەکانی سەقز و کامێرانە کە بەداخەوە گیانلەدەستدانی قوتابییەکی شاری کامێران بە ناوی "کارۆ پەشابادی" لێ کەوتووەتەوە.

ئەم کۆمەڵە کردەوە و جینایەتانەی کۆماری ئیسلامی کە دەچنە خانەی کۆمەڵکوژی و جینایەت بە دژی مرۆڤایەتییەوە، پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کورد لەژێر ناوی "شۆڕشی ژینا" بە دژی ئەو ڕێژیمەیە. شۆڕشێک کە نەک هەر کوردستان بەڵکوو زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێرانیشی گرتەوە و لەم قۆناغەدا بەتەواوەتی بۆ کۆماری ئیسلامی دەرکەوت کە سەرەڕای ئەو هەمووە پیلان و تێچووانەی کە بۆ بەچۆکداهێنانی کوردی بەکار هێناوە، لەنێو کورددا نەک هیچ پێگەیەکی نەبووە بەڵکوو کوردستان وەک هەمیشە دەتوانێت ببێتە سەنگەری ڕزگاری و ڕێنیشاندەری خەبات بە دژی ئەم ڕێژیمە داگیرکەرە.

بۆ هەموو لایەک ڕوون و دیارە كە ئامانجی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو هەموو تاوان و جینایەتە تۆڵەكردنەوە لە كچان و لاوانی بوێر و ئازادیخوازی ئەو وڵاتەیە كە بە ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانە بێدەنگییان تێک شکاند و بە بەرزكردنەوەی دروشمی ڕادیكاڵ و بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەكانی ڕێژیم پێشەنگایەتیی شۆڕشی ژینا، "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە دەكەن.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە دژە مرۆییەی کۆماری ئیسلامی، داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە لەم پێوەندییەدا بەدواداچوونی ورد بکەن و تاوانبارانی سەرەکیی ئەم جیناتە و لە سەرووی هەمووان خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بە جیهانی بناسێنن.

هەروەها داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خوێندکارانی دەروەست و قوتابییانی ئازا دەکات کە بە مانگرتن و خۆپیشاندان ڕێگای بەردەوامبوونی ئەم کارەساتانە بگرن، و بە تۆمارکردن و ڕەوانەکردنی وێنە و فیلمی ئەم جینایەتانە سیمای ڕاستەقینەی ئەم ڕێژیمە بە جیهان پیشان بدەن.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ی کوردی