کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لەمەڕ ژەهراویکردنی قوتابییان

16:39 - 21 خاکەلێوه 2723

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابییانی کچ لە ئێران و کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە: ژیانی قوتابییان بۆ ئێمە هێڵی سوورە و چیدیکە لەهەمبەر ئەو کردەوە ناڕەوایەی ڕێژیم بێدەنگ نابین.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا کە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە بڵاو بووەتەوە، هاتووە:

کۆماری ئیسلامی کە لەهەمبەر ویست و داخوازییە ڕەواکانی گەلانی ئێران لە ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینادا دۆش داماوە، لە ئاوێلکەی دوا هەناسەکانیدایە، پەنای بردووەتە بەر قێزەوەنترین شێوەی بەرگری لە دەسەڵاتی داڕووخاوی، ئەویش ژەهراویکردنی قوتابییانی کچە.

ڕێژیمی خامنەیی منداڵکوژ، لە شارەکانی کوردستان کە مەکۆ و شکۆی شۆڕشی ژینان، بۆ چاوترسێنکردن و پاشەکشەکردن بە ویستە ڕەواکانی گەلانی ئێران لەم چەند ڕۆژەدا دەیان قوتابیی کچی لە قوتابخانەکانی کچانە لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژەهراوی کردووە کە گیانی بەشێک لە قوتابییانی ئازیز لە مەترسیدایە.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان ڕادەگەیەنێت کە ژیانی قوتابییان بۆ ئێمە هێڵی سوورە و چیدی لەهەمبەر ئەو کردەوە ناڕەوایەی ڕێژیم بێدەنگ نابین. هەر بۆیە داوا لە خەڵکی تیکۆشەری کوردستان، لە بنەماڵەی ئازیزی قوتابییان و لە مامۆستایانی نیشتمانپەروەر و قوتابییانی شۆڕشگێڕ دەکەین با هەموومان پێکەوە دەنگ هەڵبڕین و بە ناڕەزایەتی دەربڕینی سەر شەقام، گەلەکەمان لەو دەسەڵاتە نگریسە ڕزگار بکەین تا بە ئازادی و لە ئاسایشدا بژین.