کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زێویە) لەسەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابییان

19:17 - 21 خاکەلێوه 2723

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زێویە) لە بەیاننامەیەکدا هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابییانی کچ لە سەقز و شارەکانی دیکەیان مەحکووم کرد.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ''ڕادە و بەردەوامی و نەبوونی کۆنترۆڵ و زاڵیەتیی دامودەزگا ئەمنییەتییە پان و بەرفراوانەکانی ڕێژیم لە ئێران لە کاتی ژەهراویکردنی زنجیرەیی قوتابییاندا ئەوە دەردەخات کە جینایەتی ژەهراویکردنی قوتابییان، بەتایبەتی لە قوتابخانەکانی کچان، بە تەواوی سیستماتیک و ڕێک خراوە کە بکەرانی ئەو جینایەتە لەلایەن بڕیاردەرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.

پێنج مانگ بەسەر دەسپێکردنی ژەهراویکردنی کچانی قوتابی تێدەپەڕێت، هێشتا بکەرانی ئەو جینایەتانە بەبێ ترس و دیارە بەبێ هیچ سەرەنەخێک خەریکی کارە خراپەکانیانن، وەکوو ئەوەیکە ئەم ژەهراویکردنە زنجیرەییە کۆتاییان نەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لێدوانەکانی بەرپرسانی بێ‌کیفایەتی ڕێژیم لەوبارەوە لۆژیکی نییە و کاردانەوەی ڕێژیم لە بەرامبەر گیانی قوتابییان پێکەنیناوییە.

لەو بەیاننامەیەدا ئەنجومەنی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زێویە)، وێڕای مەحکوومکردنی توندی ئەم جینایەتە زنجیرەیی و بەربڵاوانە کە لێکەوتەی بایۆلۆژی و ماڵوێرانکەرەکەی لە داهاتوودا دەردەکەوێت، وەبیر ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم دێنێتەوە کە قسەی بێ عەقڵانەی هیندێک لە بەرپرسان، هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ بنەماڵەی قوتابییان و ناڕازییان بەو جینایەتە، نەتەنیا یارمەتیی پاراستنی ئەمنییەتی قوتابخانەکان و قوتابییان نادات، بەڵکوو بەستێنی زیاتر بۆ بکەرانی ئەو تاوانە پێک دێنێت.