کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ڕاپەڕیوی سەقز ڕژانەوە سەر شەقامەکان

10:27 - 22 خاکەلێوه 2723

خەڵکی ئازادیخواز و بوێری سەقز، شەوی ڕابردوو سەرلەنوێ دژ بە ڕێژیمی ئێران ڕژانەوە سەر شەقامەکان.

شەوی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، خەڵکی ئازادیخواز و بوێری شاری سەقز، پاش هێرشی کیمیایی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەی کچان لەو شارە، ڕژانەوە سەر شەقامەکان و بە دروشمی دژی دەسەڵات ڕووبەڕووی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بوونەوە.

لاوانی ئازا و چاونەترسی سەقز لە شەقامی مامۆستا و سێڕای مەلەکی، بە کردنەوەی ئاگر و وتنەوەی دروشمگەلی "ژن ژیان ئازادی" و "بڕووخێت دەسەڵاتی دیکتاتۆر" ڕووبەڕووی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بوونەوە.

 هەروەها هێزە چەکدارکانی ڕێژیم بە چەکەوە و بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵکی ئازادیخوازی سەقز، شاریان میلیتاریزە کرد.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، ٦ قوتابخانەی کچانە بە ناوەکانی چەمران، مێعراج، تاڵەقانی، سومەیە، بینتولهودای سەدر و ئیستقلال لە شاری سەقز کەوتنە بەر هێرشی کیمیایی.

لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا ٨٥ قوتابیی خەڵکی سەقز بۆ نەخۆشخانەکانی "خومەینی" و "شەفا"ی ئەو شارە گواسترانەوە کە دۆخی تەندروستیی زیاتر لە ٢٠ کەسیان جێگای مەترسییە.

هەروەها بۆ شەرمەزارکردنی ئەو کارە قێزەونەی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوە، مانگرتنی گشتی لە سەرتاسەری سەقز بەڕێوە چوو.