کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٣٠ ئەندامی کۆنگرەی ئامریکا لە نامەیەکدا داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە سپای پاسداران بخاتە نێو لیستی تێرۆریستییەوە

17:30 - 22 خاکەلێوه 2723

لە نامەیەکدا کە لەلایەن ١٣٠ ئەندامی کۆنگرەی ئامریکا لە هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخواز بۆ جۆزپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا نووسراوە، داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە سپای پاسداران بخاتە نێو لیستی تێرۆریستییەوە.

لەو نامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران لانیکەم ٣٣ حاڵەتی پیلانگێڕیی بۆ ڕفاندن و تێرۆری شارۆمەندان لە ئورووپا یان سیخوڕی لەو کەسانە ئەنجام داوە.

لەو نامەیەدا هاتووە: ''ئێران هەروا وڵاتێکی پشتیوانی تێرۆریزمە. بۆ چەندین دەیەیە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئازادانە و بە ئاشکرا پیلان و هەوڵی  بۆ کردنە ئامانجی شارۆمەندان لە سەراسەری ئورووپا  ئەنجام داوە.''

ئەمریکا ساڵی ٢٠١٩ سپای پاسدارانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند و لەم داواییانەدا پارلمانی ئورووپاش دەنگی بە گەڵاڵەیەک داوە کە داوا لە یەکیەتی ئورووپا دەکات سپای پاسداران و لقەکانی سەر بەو ڕێکخراوەیە بە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپاوە زیاد بکات.

واژۆکەرانی ئەو نامەیە هیوایان دەربڕیوە کە لە دانیشتنی داهاتووی شۆرای کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، سەرنجی تایبەت بەو بابەتە زۆر گرینگە بدرێت، چونکە سپای پاسداران دەیان ساڵە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەوڵە تێرۆریستییەکانی بەردەوامە.