کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمی نوێی چاپەمەنیی حیزبی دێموکرات: چاپ و بڵاوکردنەوەی "جانیان قصر فیروزە"

20:59 - 22 خاکەلێوه 2723

"جانیان قصر فیروزە"، نوێترین بەرهەمی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاپ و بڵاو بۆوە.

"جانیان قصر فیروزە"، نووسینی ڕۆئیا حەکاکیان بەسەرهات و وردەکارییەکانی تێرۆری مێکونووس لە بڕلینی ئاڵمانە و لە دڵی بەڵگەنامە و دێکیۆمێنتەکانەوە باس لە پەروەندەی تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی دەکات.

عەلی بداغی، بەرپرسی بەشی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستان‌مێدیا" ڕایگەیاند: "ئەو بەرهەمەی خاتوو ڕۆئیا حەکاکیان کە بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی، پێشتر لەلایەن "مامۆستا عەبدوڵلا حەسەن‌زادە"وە و لەژێر ناوی "پیاوکوژانی کۆشکی فیرووزە"دا کراوەتە کوردی و چاپ و بڵاو بۆتەوە؛ بەڵام نوسخەی فارسیی کتێبەکە لە وەرگێڕانی بەڕێز "ئارەش جودەکی" یەکەم‌جارە وەک بەرهەمێکی چاپەمەنیی حیزبی دێموکرات چاپ دەکرێ و بڵاو دەبێتەوە. هەروەها پێشتر نەمر "فەتاح کاویان" ئەو کتێبەی لە ئینگلیزی‌ڕا کردبوو بە فارسی، بەڵام مخابن نەیتوانی بیگەیەنێتە قۆناغی چاپ و بڵاوبوونەوە."

"پیاوکوژانی کۆشکی فیرووزە" کە بەرهەمێکی ئەدەبیی کەم‌وێنەیە، پەردەی لە زۆر لایەنی نادیاری تێرۆری مێکونووس هەڵداوەتەوە و بەرهەمی ٥ ساڵ کاری بەردەوامی خاتوو ڕۆئیا حەکاکیان لە هەڵدانەوەی وتار و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکان، ئەرشیڤ و بەڵگەنامەی دادگای مێکونووس و وتووێژ لەگەڵ دادوەر و پارێزەرەکان و هەروەها بنەماڵەی قوربانییان و ئەو کەسانەیە کە لە تێرۆری مێکونووسدا لە مردن ڕزگاریان ببوو.

"جانیان قصر فیروزە"، تازەترین بەرهەمی چاپکراوی بەشی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٣٢٠ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو بۆتەوە.