کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لانیکەم ٤٣٥ خوێندکار لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا لە خوێندن هەڵپەسێردراون یان دەر کراون

17:00 - 22 خاکەلێوه 2723

کاناڵی شۆرای سێنفیی خوێندکارانی ئێران ڕایگەیاند کە لانیکەم ٤٣٥ کەس لە خوێندکارانی سەرانسەری ئێران لە ڕەوتی شوڕشی ژینادا لە درێژەدان بە خوێندن هەڵپەسێردراون یان لە زانکۆ دەر کراون.

کاناڵی شۆرای سێنفیی خوێندکارانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خاکەلێوە بە ڕاگەیاندنی هەواڵی دەرکردن و هەڵپەساردنی بەربڵاوی خوێندکاران لەلایەن کۆمیتەی ئینزباتی زانکۆکان، نووسیویەتی: ''دوابەداوی ڕاپەڕینی سەرانسەری لە ئێران و بەشداریی هەمەلایەنەی خوێندکاران لەو ڕاپەڕینەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاران لە ڕەوتێکی نایاسایی و فەرمایەشی لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کراون.

بە دەستپێکی شۆڕشی ژینا، خوێندکاران بە خۆپیشاندان، کۆبوونەوە، مانگرتن و دروشمدان و دروشمنووسین لەو شۆڕشەدا دژی ڕێژیمی ئێران چالاکییەکی بەرچاویان هەبوو.

ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران لە خۆپیشاندانەکان لە دەرگیری لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوون یان دەسبەسەر کران.

لە یەکێک لە دوایین حاڵەتەکانی چڕترکردنی گوشارەکان دژی خوێندکارانی ناڕازی، کۆمیتەی ئینزباتی زانکۆی زانستی پزیشکیی تەورێز، ٤٠ خوێندکاری ئەو زانکۆیەی دوای بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە کاردانەوە بە ژەهراویکردنی قوتابییان، بانگ کردبوو.