کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی کۆمەڵەی کولتووری، کۆمەڵایەتیی کوردستان- فەرانسە لە سولەیمان عەبدی

10:26 - 13 خاکەلێوه 2723

کۆمەڵەی کولتووری، کۆمەڵایەتیی کوردستان- فەرانسە، دۆسیەیەکی داواکاریی پشتگیریی بۆ سولەیمان عەبدی، مامۆستای دەسبەسەرکراو، ئاراستەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و پارلمانی ئورووپا لە شاری ستراسبۆرگ کرد.

نوێنەرانی کۆمەڵەی کوردستان، ڕۆژی هەینی ١١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە سولەیمان عەبدی، دۆسیەی ئامادەکراوی خۆیان ڕادەستی بەشی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ کرد و داوایان لە بەرپرسانی پێوەندیداری مافەکانی مرۆڤ و پارلمانتاران کرد کە گوشار بخەنە سەر بەرپرسانی حکوومەتی ئێران تاکوو چیتر وەکوو حکوومەتێکی یاخی لە پانتایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا یاری بە چارەنووس و گیانی چالاکانی مەدەنیی کورد لە کوردستان نەکات.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دۆسیەیەدا کۆمەڵێک هەوڵ و چالاکیی وێنەیی و میدیایی پیشان دراون کە لەلایەک ئەو مەترسییە جیددییانە بۆ سەر گیان و چارەنووسی سولەیمان عەبدی نیشان دەدەن و لەلایەکی دیکەوە خۆشەویستی و پێگەی ناوبراو لەنێو خەڵک و چینە جۆراوجۆرەکانی دیکەی تردا دەردەخەن.

ناڕوونیی ١٥ ڕۆژەی چارەنووسی ئەو چالاکە مەدەنییە جیا لە بنەماڵە و نزیکانی، قوتابییان و مامۆستایانی کوردستان و خەڵکیشی تووشی نیگەرانی کردووە.

لە بەشێکی دیکەدا هاتووە کە ئەمڕۆ زیاتر لە دوو حەوتوو لە ڕفاندنی سولەیمان عەبدی، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی ئەنجوومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز تێدەپەڕێت، بەڵام ناوەندە ئەمنییەتی و دادگاکانی ڕێژیمی ئێران هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر بارودۆخی  ناوبراو تەنانەت بە بنەماڵەکەشی نادەن.