کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردنی چەکوچۆڵ بۆ سووریە بە فڕۆکەی بارهەڵگری پزیشکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

16:50 - 23 خاکەلێوه 2723

کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە فڕۆکەی بارهەڵگری پێداویستیی پزیشکی، چەکوچۆڵ و کەلوپەلی نیزامیی بۆ سووریە ناردووە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەپێی زانیارییەکانی ٩ سەرچاوەی باوەڕپێکراوی سووریەیی، ئێرانی، عەرەبی و ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی ناردنی چەک و تەقەمەنی و پێداویستیی نیزامی، لە فڕۆکەی بارهەڵگری پزیشکی کەڵکی وەرگرتووە کە لە ڕاستیدا ئەو فڕۆکانە بۆ هاوکاری و ناردنی پێداویستیی پزیشکی بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی ئەو وڵاتە تەرخان کراوە.

ڕۆیتێرز هەروەها ڕایگەیاندووە کە یەکەمین ڕاپۆرتی لەمبارەوە بڵاو کردووەتەوە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەرتەشی ئیسرائیل، پێشتر بە نیسبەت ئەم کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی هۆشداریی خۆی دابوو.

شایانی باسە کە سەرچاوەکانی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز باسیان لەوە کردووە کە دوای ڕوودانی بوومەلەرزەی شەشەمی باکووری سووریە و باشووری تورکیە، سەدان فڕینی فڕۆکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ فڕۆکەخانەکانی حەلەب، دەمیشق و لازقیە ڕووی داوە و ئەو فڕینانە تا ٧ حەفتە درێژەیان هەبووە.

سەرچاوە ڕۆژئاواییەکانی هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیش لەوبارەوە دەڵێن، کەلوپەل و چەکوچۆڵەکان کە کۆماری ئیسلامی هەناردەی سووریەی کردووە زیاتر پێداویستیی پێشکەوتووی پێوەندی و باتری و ڕادار و ئامێرەکانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سووریە بووە کە ڕێژیمی ئەسەد لە شەڕی ناوخۆیی سووریە کەڵکی لێ وەردەگرێت.

ئەرتەشی ئیسرائیل لەو پیوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم کردەوەیەی کۆماری ئیسلامیدا دەستەوەستان نابین و بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی دەبینەوە.