کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کرماشان

10:35 - 24 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو قوتابخانەی کچانەی شایستە و باهونەر، لە شاری کرماشان کرانە ئامانج.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بە ژووری ناوەندی هەواڵی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خاکەلێوە دووکان و بازاڕەکانی شاری کرماشان، بەهۆی گرانی و هەروەها هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی "شایستە و باهونەر"، مانیان گرت و زۆرینەی دووکان و بازاڕەکان داخران.

لەو هێرشە کیمیاییە پیلان بۆ داڕێژراوەدا، زۆربەی قوتابییانی ئەو دوو قوتابخانەیە ژەهراوی کران و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گواسترانەوە.

 لەلایەکی دیکەوە لە شاری کامێران، شایستە محەممەدی، جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی "فەهمیدە"ی ئەو شارە، بەهۆی هێرشی کیمیایی بۆ سەر ئەو قوتابخانەیە ژەهراوی کرا و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و دۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیر ڕاگەیەندرا.