کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا لەسێدارەدان لە ئێران ٧٥ لەسەد بەرز بووەتەوە

16:31 - 24 خاکەلێوه 2723

ڕاپۆرتی ساڵانەی دوو ڕێکخراوی مافی مرۆیی سەبارەت بە دۆخی ئێران نیشانی دەدات کە لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا لانیکەم ٥٨٢ کەس لەلایەن سیستمی قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسێدارە دراون کە بە ڕێژەی ٧٥ لەسەد لە ساڵی پێشووتری زیاترە.

بەپێی پازدەهەمین ڕاپۆرتی هاوبەشی ساڵانەی "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران" و "پێکەوە لە دژی سزای لەسێدارەدان"، ئاماری ئەو کەسانەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە ئێران لەسێدارە دراون، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا بەرزترین ئامارە.

نووسەرانی ئەو ڕاپۆرتە باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتدا، سزای لەسێدارەدان وەک ڕێگەیەک بۆ چاندنی ترسی کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لانیکەم ٢٨٨ لەسێدارەدان واتە ٤٩ لەسەدی ئێعدامەکان، بە تۆمەتی قەتڵ بووە کە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا بەرزترین ڕێژەیە.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە دەسبەسەرکردنی خۆپیشاندەران لە ڕەوتی شۆڕشی "ژینا'' و دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ بۆ ئەو کەسانەی دەسبەسەر کراون، کراوە. هەروەها ئاماژە بە لەسێدارەدانی چوار کەس کراوە و نووسراوە: "کاردانەوەی نێودەوڵەتیی بەهێز، نوێنەری خۆبەخش لە پارلمانی وڵاتانی جیاواز وەک کەفاڵەتی سیاسی بۆ ڕزگارکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها تەحریمی ئەو کەس و دامودەزگایانەی کە دەستیان لە سەرکوتدا هەبووە، تێچووی سیاسیی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی زیاد کرد.''

بەپێی داتا کۆ کراوەکان، ٣٠ لەسەدی سەرجەم لەسێدارەدراوان بەندکراوی بەلووچ بوون. هەروەها لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا زۆرینەی ئەو زیندانییانەی بە تۆمەتی ئەمنییەتی لەسێدارە دراون، سەر بە نەتەوەکانی کورد، عەرەب و بەلووچ بوون.