کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد

21:24 - 24 خاکەلێوه 2723

دایە زێنەب ئەحمەدی‌زادە کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و دایكی كاک سەلیم شێخەپوور ناسراو بە سەلیمە ڕەش، ئەندامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان كرد.

دایە زێنەب ئەحمەدی‌زادە ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی لە گوندی محمەشەی سەرێ لەدایک بوو. فەقێ ئەحمەد باپیری دایە زێنەب، پێشمەرگەی کۆماری کوردستان بووە.

کەم نین ئەو کەسانەی لەسەر دەستی دایە زێنەب وەک هاندەر و پاڵپشت، بوون بە پێشمەرگەی حیزب. ناوبراو هەمیشە خۆی بە خەزمەتکاری پێشمەرگەکان دەزانی و زۆری خەزمەتی پێشمەرگە کرد.

هەروەها برازایەکیشی بە ناوی حوسێن ئەحمەدی‌زادە پێشمەرگەی حیزب لە هیزی ئەفشین، لە سیلۆی کۆزەکەرێز  شەهید بوو.

دایە زێنەب یەكێک لەو دایكە بەجەرگ و دڵسۆزانە بووە كە هەر لە سەرەتای پێگەیاندنی كوڕە پێشمەرگەكەیەوە، هەمیشە وانەی دڵسۆزی و وەفاداریی فێری منداڵەكانی كردووە و سەرەڕای ئەو هەمووە لەخۆبردوییە، هەمیشە پاڵپشتی كوڕەكەی و بووكەكەی (كوبرا شێخە) كە پێشمەرگەی حیزب بوون، بووە.

دایە زێنەب، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۲۲ی خاکەلێوە، لە ئاوایی قومقەڵا ماڵاوایی لە ژیان كرد و تەرمەکەی لەنێو ئاپۆڕای خەڵكی ناوچەی شاروێران و خزم و كەسوكاری بە خاكی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و كەسوكاری خوالێخۆشبوو دەكات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.