کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی هاتنی لافاو لە ئێران و کوردستان، چوار کەس گیانیان لەدەست دا

11:55 - 25 خاکەلێوه 2723

شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە و بەهۆی لافاوەوە چەند کەس گیانیان لەدەست دا.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوە، جێگری عەمەلیاتی ڕێکخراوی مانگی سووری ئێران بە هەواڵدەرییەکی حکوومەتی ڕاگەیاندبوو کە سێ کەس بەهۆی هاتنی لافاو لە شارەکانی بۆکان، مێهران و ئەلەمووت، گیانی خۆیان لەدەست داوە.

مورتەزا مورادی‌پوور، جێگری عەمەلیاتی ڕێکخراوی مانگی سووری ئێران بە ئاماژەدان بە هۆشداریی کەشناسی باسی لەوەش کردبوو کە بارینی باران لە پارێزگاکانی ورمێ، کرماشان، ئیلام و لوڕستان لە شوێنەکانی تر توندتر بووە.

لە ئێوارەی سێشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و کەشناسی پێشبینیی کردبوو کە بارانبارین تاکوو نیوەڕۆی هەینی بەردەوام دەبێت.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵی خەڵکی ئیلام بەهۆی لافاو کەوتە نێو ڕووبارەوە و ڕۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی دۆزرایەوە و هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکانیش بە ناوی مەنسور ڕەحمانی، بەهۆی هەورەبرووسکەوە گیانی لەدەست دا.

لەلایەکی ترەوە بارینی بەخوڕی باران لە شارەکانی ورمێ، میاندوواو، گیەڵان، بروجێرد، ئەلیگودەرز، خوڕەم‌ئاوا، مەریوان، قەسری‌شیرین، مەهاباد و بۆکان و... ببووە هۆی داخستنی ڕێگاوبانەکان و لافاو لە شابادی کرماشان، خەسارێکی زۆری بە زەوی و مەزرای خەڵک گەیاندووە.

هەروەها لە ملەی جەواڵەڕەشانی مەهاباد، سنووری کێلێ و بەرزاییەکانی مەرەند بەفر باری و هاتوچۆی خەڵکی تووشی کێشە کردبوو و ملەی تەتەی مەریوان بەهۆی بارینی زۆری بەفر داخرا.