کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان داوای ئازادکردنی ئومید شامحەممەدیی کرد

11:57 - 25 خاکەلێوه 2723

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، جێبەجێکردنی حوکمی بەندکرانی تەعزیریی ئومید شامحەممەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی دیواندەرە و ڕاگواستنی ناوبراو بۆ زیندانی بیجاڕی مەحکووم کرد.

لە بەیاننامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوە بڵاو بووەتەوە، هاتووە: ''پەلەکردن لە جێبەجێکردنی حوکمی ئومید شامحەممەدی لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتی و دادوەرییەکانی ڕێژیمەوە، ئەویش لەنێوان ساڵی خویندندا، نیشانەیەکی دیکە لە بێ تەدبیری و بێ کیفایەتیی کاربەدەستانی ڕێژیم، بە تایبەت بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای سنەیە.''

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ''بڕیاری دەزگای دادوەریی ڕێژیم، ئەویش لەو دۆخە هەستیارەدا و بێخەبەر لەوەیکە کە سیاسەتی هەڕەشە و تۆقاندن کاریگەریی نەماوە، بۆ سزادانی ئومید شامحەممەدی و بنەماڵەی ناوبراو و هەروەها تۆڵەسەندنەوە لە هەموو هاوکارەکانی بوو."

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا باس لەوە کراوە کە ئەو ئەنجومەنە هاودەنگ لەگەڵ هەموو مامۆستایانی ئێران، لەسەر ئەوە باوەڕەن کە بە تاوان ناساندنی دەنگی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، دەستپێکی وێرانبوونی زانستی، فەرهەنگی، سیاسی و ئابووریی داهاتووی ئێرانە.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان سەرەڕای محکوومکردنی ئەو حوکمەی دەزگای دادوەری و بڕیارەکانی پەروەردە و بارهێنانی شاری دیواندەرە و پارێزگای سنە، داوای ئازادیی بێ مەرجی ئومید شامحەممەدی و مامۆستایانی بەندکراوی دیکەیان کرد.