کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: ڕیشەی ژەهراویکردنی قوتابییان لە ئێران لە کۆماری ئیسلامیدایە

16:59 - 25 خاکەلێوه 2723

پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان، لە وتاربێژیی خۆیدا باسی لەوە کرد کە خەڵکی ئێران باوەڕیان وایە کە ڕیشەی ژەهراویکردنی قوتابییان لە ئێران لە کۆماری ئیسلامیدایە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوە، مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان، سەبارەت بە ژەهراویکردنی قوتابییان لە ئێران ڕایگەیاند: ئیدیعای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەبارەی هۆکارە دەرەکییەکانی ژەهراویکردنی قوتابییان، هیچ بنەمایەکی نییە و ڕاست نین.

ناوبراو لەمبارەوە وتی: "چ کەسێک دەتوانێت باوەڕ بکات کە وێڕای ئەو هەمووە ناوەندە ئەمنییەتییە جۆراوجۆرانە، تاوانبارانی ژەهراویکردنی قوتابییان هێشتا دەسبەسەر نەکراون؟"

ژەهراویکردنی قوتابییانی کچ لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە لە شاری قوم دەستی پێ کرد و ئەم ڕەوتە هێشتا بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە ١٣ هەزار قوتابی ژەهراوی کراون و بۆ نەخۆشخانەکان ڕاگوێزراون.

مەولەوی عەبدولحەمید پێشتریش باسی لە ژەهراویکردنی قوتابییان کردبوو و وتبووی کە ئەم تاوانانە هەوڵێکە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ژنان و کچان لە ئێران کە چالاکانە لە ڕاپەڕیندا بەشدار بوون.

پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان لە درێژەی وتاربێژییەکەیدا ڕایگەیاند کە کەسانێک کە خاوەن فکرێکی بەرتەسکن، دەسەڵاتی ئێرانیان لەدەستە و جەختی کردەوە کە یاساکانی کۆماری ئیسلامی، وڵاتی ئیفلیج کردووە.

شایانی باسە کە ئینتەرنێتی ئەمڕۆی زاهیدان، وەک هەینییەکانی پێشوو، لە کاتی وتاربێژیی "مەولەوی عەبدولحەمید"دا پچڕا. هەروەها وەک هەینیی پێشوو، گەلی بەلووچ خۆپیشاندانی بێدەنگیان بەڕێوە برد.