عەلی بداغی
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوەڕاستەکانی پێنجەمین دەیەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا هەم کۆمەڵگە و وڵات، و هەم حاکمییەتی سیاسیی خۆیشی بەرەوڕووی زۆر قەیران و تەنگژە کردووەتەوە.
ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکانی سەرۆککۆماری لە دەوری دووهەمی سەرۆککۆماریی حەسەن ڕوحانیدا ١٠٠ تەنگژەی بۆ داهاتووی ئێران دەستنیشان کردبوو کە قەیرانەکانی ئاو، بێکاری، ژینگە، هەڵاوسانی ئابووری، بێهداشت، وەبەرهێنان لە کەرتی وزە، گەندەڵیی گشتی و لاوازیی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات لە ڕیزی پێشەوەیاندا بوون. بەڵام لێکدانەوەی کارناسانی سیاسیی سەربەخۆ و خوێندنەوەی ئەوان بۆ قەیرانەکانی وڵات شتێکی ترە. قەیرانگەلێک کە ئێستا ئیدی کەوتوونەتە بەردەم کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژینا و لێکەوتەی جیاوازتریشیان هەیە.
شک لەوەدا نییە ئەو ١٠٠ قەیرانەی کارناسە حکوومەتییەکان دەستنیشیان کردووە و دەوڵەت و دەسەڵاتیان لە مەترسییەکانیان وریا کردۆتەوە، بەدەر لەوانەی لە خانەی بەرژەوەندەییە ئیدۆلۆژیکییەکانی ڕێژیمدا جێ دەگرن؛ ئەوانیدی ڕاست و لەجێی خۆیاندان. بەڵام چارەسەری ئەو قەیرانگەلە لە جێدا لەگرەوی داننان بە کۆمەڵە قەیرانێکی دیکەدایە کە لە باوەڕی ڕێژیمدا نەبووە بە قەیرانیان دابنێ و لایان لێ بکاتەوە. وەک: قەیرانی شوناس لە سڕینەوەی شوناسی ئیترەکاندا، قەیرانی دەسەڵاتی سیاسیی ڕێفۆرمهەڵنەگر، قەیرانی هاوبەشیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی کۆمەڵگە، قەیرانی فکری و ڕەوایییەت و بڕیارسازیی چارەنووسساز لەسەر داهاتووی وڵات و کۆمەڵگە و هتد. بەڵام ئەوانە لەسۆنگەی چی؟ ئەندامەتی لە یانەی وڵاتانی خاوەن بۆمبی ئەتومیدا.
سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم بەتایبەت هەوڵدانی بەردەوام بۆ خاوەنێتیی بۆمبی ئەتومی کە نەک بووەتە هۆی ئەوەی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا دەرگەی زۆر بواری لێ دابخرێ و تەنگی پێ هەڵبچندرێ، بەڵکوو لەو سۆنگەیەوە گەمارۆی دەیان ساڵەی ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا بڕست لە ئابووریی وڵات ببڕێت و کۆمەڵگە تووشی گەورەترین قەیران بکات. کۆماری ئیسلامی مانەوەی خۆی لە تەختی دەسەڵاتدا لەگرەوی هەبوونی چەکی ناوکیدا دەبینێ، بۆ ئەوەش ئامادە بووە بەشی هەرەزۆری داهات و داراییەکانی وڵاتی بۆ تەرخان بکات، تا ئەو ڕادەیەی لە ماوەی چوار دەیەدا زیاتر لە نیوەی خەڵکی وڵات بکەونە ژێر هێڵی هەژاری، هەڵاوسانی ئابووری بگاتە سەرووی سەتا ٥٠، نرخی تمەن لە ئاست دۆلار ٧٠٠٠ هیندە دابڕمێت، دەوڵەت ئەوەندەی کورتیی بودجە هەبێت ناچار بێت نەتوانێ مووچە و مزی مووچەخۆرەکانی خۆی پێ نەدرێت و نەک هەر موڵک و سامانەکانی، بەڵکوو وەزارەتەکانیشی بفرۆشێت، و هەر بەپێی هەڵسەنگاندنی کارناسانی حکوومەتی ڕاگرتنی ئابووریی وڵات لە دۆخی هەرە تەپیوی ئێستایشیدا پێویستیی بە تەرخانکردنی ٤٠٠ میلیارد دۆلار لە ساڵدا هەبێت کە دەستەبەرکردنەکەی بۆ ڕێژیم نەک هەر خەون، بەڵکوو مەحاڵی ئەندەر مەحاڵە.
لەوەها دۆخێکدا باهۆزی شۆڕشی ژینا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرەوڕووی گەورەترین قەیرانی ماوەی دەسەڵاتدارەتیی کردووەتەوە. ئەم باهۆزە کە تەواوەتیی ڕێژیمی بەئامانج گرتووە، هەموو هێڵەسوورەکانی ڕێژیم وەک پێگەی ڕێبەری و بنەڕەتە ئیدیۆلۆژییەکانی ڕێژیمی بەزاندووە و بووەتە هۆی ئەوە ڕێژیم داهاتوویەکی ئەوتۆ لە بەردەمدا خۆیدا نەبینێت. هەروەها لە نەبوونی بێباوەڕیدا و داڕووخانی یەکجاریی دیواری متمانەی خەڵک و دەسەڵات بە یەکتری لە شۆڕشی ژینادا، کۆمەڵگەی ئێران بە گەورەترین قەیرانی کۆمەڵایەتیی مێژووی خۆیدا تێپەڕ ببێت، چونکی هەرکام لەو دوو لایەنە مانەوەی خۆی لە نەمانی ئەویتردا دەبینێت و هەوڵیشی بۆ دەدات.
لە ئێستاشدا و لە حاڵێکدا قەیرانی ئابووری پتر لە هەندێ پرس و بابەتی وەک دەستێوەردانی دەرەکی و قەیرانی ژینگە ئەوکی کۆماری ئیسلامیی گووشیوە، سیاسەتی حکوومەت بە ئاراستەی قووڵبوونەوەی زیاتری ئەو قەیرانەدا دەڕوات؛ هۆکارەکەشی ڕوونە: بۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ستراتیژی، ئامانج و لەپێشترێتی شتێکی دیکەیە. هەموو لەبیرمانە لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا کە قسەی سەر و بنی زاری هەموو کاندیداکان چارەسەری قەیرانی ئابووریی وڵات بوو، ئاکامگیرییەکە ئەوە بوو کە ئەو دۆخە سەتا ٨٠ی لە سۆنگەی بەڕێوەبەریی ناکارامە و تەنیا سەتا ٢٠ی بەهۆی گەمارۆکانەوە خوڵقاوە. یان ڕەئیسی، سەرکۆماری ئێستای ڕێژیم کە دروشمگەلی وەک: "بە هەموو کەلێن و کولێنی کێشە ئابوورییەکانی خەڵک و وڵات دەزانم"، "ئابووریزانەکانی وڵات یەک بە دوای یەکدا ڕیز دەکەم"، "قەیرانی ئابووری و کێشەی بژیوی خەڵک نابەستمەوە بە بابەتی سیاسەتی دەرەکی" و... بەرز کردبۆوە؛ و باسی لە بەرنامەی ٧ هەزار لاپەڕەیی تێپەڕین لە قەیرانەکانی وڵاتی دەکرد و تاق لاپەڕەیەکیشی لە هیچ کوێ بڵاو نەکردەوە. بەڵام هەموو ئەوانە جارێکی دیکەش بۆ بەفریوبردنی خەڵک بوو، چونکی ئەم دۆخە گرێدراوی سیاسەتی دەوڵەتێک، یان لە ئاکامی جۆری مودیرییەتی کابینەیەکدا نەبووە و لە ماوەی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵات، ساڵ بە ساڵ و قۆناغ بە قۆناغ زیاتر لە زەلکاوی داڕماندا ڕۆچووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هاتە سەر کار، ئێران لە ڕیزی ٢٠ ئابووریی یەکەمی جیهاندا بوو، و زۆر گەشەسەندووتر لە کۆرەی باشوور و تورکیە! بەڵام کاتێک خومەینی وەک کەسی یەکەمی وڵات لەو سەردەمدا پێی وابێت کە ئابووری پرسێکی مرۆیی نییە و "کەر"یش دەتوانێ ئابووریی خۆی هەبێت؛ ڕوونە شوێنکەوتووانی ئەو لە دەسەڵاتدا لە ماوەیەکی کورتدا وا بکەن ئابووریی ئەو وڵاتە ئاداری لەسەر پاداری نەمێنێت. دوای چوار دەیە لە دەسەڵاتدارەتیی ئەم ڕێژیمە، هەژاری بڕستی لە کۆمەڵگە بڕیوە و نیوەی خەڵکی وڵات بۆ نانی شەویان ئاتاجن. ڕۆژ نییە ناڕەزایەتی و مانگرتنێک بەهۆی دواکەوتنی مز و مووچە، یان هەڵلووشینی سەرمایە و دارایی خەڵک لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەڕێوە نەچن. خەڵک پاشکەوتیان نەماوە و توانای کڕینیان گەیوەتە لانیکەنی خۆی. سندووقی بیمە و بۆنگاکان مایەپووچ هاتوونەتەوە. لە ساڵدا دەیان میلیارد دۆلار سەرمایەی لە وڵات دەبردرێتە دەرەوە. بەرهەمهێنانی نێوخۆیی فەشەلی هێناوە و وەبەرهێنانی دەرەکی لەسۆنگەی سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم و گەمارۆکانەوە بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئابووریی ئێران لە بچووکبوونەوەدا گەیشتە ئاستی وڵاتی وەک "ئانگۆلا"، "سوودان"، "نیکاراگوئە" و "گینە" و ئابووریی وڵات لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئەوەندەی دیکەش داڕماوە. کارناسانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن دۆخی ئابووریی وڵات هیندە شپرزە تەنانەت بێتوو یەکجێ تیغی گەمارۆکانیشی لەسەر لابچن، توانای پشتڕاستکردنەوەی نییە.
دۆخی ئابووریی ئیفلیجی ئێران ئاکامی دوو فاکتەری سەرەکییە: یەکەم، لە ئاستی نیونەتەوەییدا سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیمە کە لەبری ڕێزگرتن لە بەها و بایەخە جیهانداگرەکان، لەدژی ئەوان چووەتە بەرەی شەڕەوە و شمشێری لە ڕوو بەستووە. لەم دواییانەشدا بەشداریی لە شەڕی ئۆکراین لە بەرژەوەندیی ڕووسیەی داگیرکەردا هیندەی دیکەی دۆخەکەی لە خۆی ئاڵۆزتر کردووە. دووهەم، ناکارامەیی بەڕێوەبەری و گەندەڵیی سیستماتیک کە هەموو جومگەکانی وڵات و حکوومەتی داگرتووە و هەناسەی لە ئابووریی وڵات بڕیوە. تاکەڕێگای چوونەدەرەوەی وڵات لەو دۆخەش یەکەم، هاوبەشی و یارمەتیی کۆمەڵگەی جیهانییە و دووهەم، دێموکراسیی نێوخۆیی و دروستبوونی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات. بەڵام گۆڕانکارییەکانی وڵات کە لە ئامانجەکانی شۆڕشی ژینادا وێنا دەبن، پێمان دەڵێن: هەتا کۆماری ئیسلامی مابێت، هیوایەک بە باشتربوونی ئەو دۆخە بەدی ناکرێ و هەموو ساڵێک خەڵکی ئێران لە بەهاردا دەڵێن خۆزگەم بە پار!