کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: جێبەجێکردنی سەرکوتکەرانەی یاسای حیجاب لە ئێران، نیشانەی ئازاری ڕەگەزییە

10:13 - 26 خاکەلێوه 2723

کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هۆشدارییان دا کە هەوڵە سەرکوتکەر و بێڕەحمانەکانی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر حیجابی زورەملێ دژی ژنان، نیشانەی ئازاری ڕەگەزییە.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ماڵپەڕی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ، لەسەر ئەوە جەختیان کردەوە کە یاسای حیجابی زۆرەملێ پێشێلکردنی هەموو مافەکانی ژنان و کچان لە ئێرانە.

لەو بەیاننامەیەدا کە لەلایەن ڕاپۆرتنێرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، مافی خوێندن و مافی فەرهەنگی و هەروەها گرووپی هەڵاواردن دژی ژنان و کچان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە کراوە، هاتووە کە جێبەجێکردنی سەرکوتکەرانەی یاسای حیجاب لە ئێران، دەبێتە هۆی گوشاری زیاتر بۆ سەر ژنان و کچانی ئەو وڵاتە و هەروەها پێشێلکردنی مافەکانیانە.

لە بەشێکی دیکە لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "زۆر نیگەرانین لەوەیکە پاش چەند مانگ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە تایبەتی ژنان و کچان پاش کوشتنی بەئەنقەستی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، ئێستاش ڕێژیم بەردەوام هەوڵ بۆ سەرکوت و سەپاندنی یاسای زۆرەملێی حیجاب دەدا و لە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کچان بەردەوامە.

لە ئێران ئەو ژنانەی کە بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەون، سزای ١٠ ڕۆژ تا دوو مانگ بەندکران و پێبژاردنیان بەسەردا دەسەپێنرێت.