کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ئیسرائیل و جوولەکەکان

10:45 - 26 خاکەلێوه 2723

جێگری سیاسیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەی لە جوولەکەکانی ئیسرائیل کرد و وتی: "ئێران بۆ ئەوان شوێنێکی پارێزراو نییە و دەبێ لەم وڵاتە بڕۆنە دەرەوە."

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسیی سپای پاسدارانی ڕێژیم، هاوکات لەگەڵ ڕێپێوانی حکوومەتیی ڕۆژی قودس لە ئێران، هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیلی کرد و وتی: ئیسرائیل چی دیکە ناتوانێت درێژە بە بوونی خۆی بدات و ژیان لەو وڵاتە بەرەو کۆتایی و فەوتان دەچێت.

هاوکات ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕێپێوانی حکوومەتیی ڕۆژی قودس وتی: ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە هیچ جۆرێک ئەمنییەت و ئاسایشی ئیسرائیل ناپارێزێت.

لەلایەکی دیکەوە حوسێن سەلامی، فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ئیسفەهان ئیدیعای ئەوەی کرد کە هەموو وڵاتانی ناوچەکە دژی ئیسرائیل هاوپەیمانن و ئیسرائیل ناتوانێت ئەو هاوپەیمانیەتییە تێک بدات.

هەر لەم پێوەندییەدا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ هێندێک لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە کە بە پەیمانی ئیبراهیم ناسراوە، وتی: ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدا کە ئێران وەکوو وڵاتێکی کێشەساز لە جیهانی ئیسلامدا بناسێنێت.

ڕێژیمی ئێران، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر جوولەکەکانی دانیشتووی ئێران و ئیزن نادات کە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان بەڕێوە ببەن و پێیانی ڕاگەیاندبوو کە بە زۆر دەبێ لە ڕێوڕەسمی حکوومەتیی ڕۆژی قودسدا بەشداری بکەن.