کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای هەڕەشەکانی ڕێژیم، ژنان دژی حیجابی زۆرەملێ دەوەستنەوە

11:09 - 26 خاکەلێوه 2723

لە حاڵێکدا کە فەرماندەی گشتیی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە لەسەر خولێکی نوێی هەڵسوکەت دژی ژنان جەختی کردەوە، زۆرێک لە ژنان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ حیجابی زۆرەملێ، لەسەر مەلنەدان بۆ حیجابی زۆرەملێ جەختیان کردەوە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوە، ئەحمەد ڕەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی، جارێکی دیکە لەسەر حیجابی زۆرەملێ جەختی کردەوە و بە شێوەی هەڕەشەئامێزانە وتی: ''لە ڕۆژی شەممەوە بەرنامەکانی هەڵسوکەوت دژی ژنانی بێ حیجاب بەڕێوە دەچێت. هەروەها کامێراکانی چاوەدێری لە گەڵاڵەی حیجابدا هیچ هەڵەیەکیان نییە.''

هاوکات دوای هۆشداریی ژمارەیەک لە پارێزەر و مافناسان لەبارەی نەبوونی بەڵگەنامەی یاسایی بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ژنان، ئەسغەر نازم‌زادە، یەکێک لە ئاخوندەکانی ڕێژیم، لە بەیاننامەیەکدا هەر چەشنە هەڵسوکەوت و بێبەشکردنی ژنانی بێ حیجاب لە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بە ناشەرعی ناو برد.

سەرەڕای هەڕەشە و هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی، زۆرێک لە ژنان بە لەبەرچاونەگرتنی حیجابی زۆرەملێ و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیان بەبێ حیجابی زۆرەملێ لەنێو شارەکانی ئێراندا، لەسەر ئەوە پێداگری دەکەنەوە کە ناچنە ژێر باری یاساکانی حیجابی زۆرەملێوە.

بە دەستپێکی شۆڕشی ژینا، بەشێکی زۆر لە ژنان لە کوردستان و ئێران لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان، سەرپۆشی خۆیان لە ئاگردا سووتاند و لەو کاتەوە سەرەڕای ‌هەڕەشەکانی ڕێژیم، حیجابی زۆرەملێ لەبەرچاو ناگرن و وەکوو دژایەتی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە، دژی ئەو یاسایە دەوەستنەوە.