کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەند "عوسمان ئیبراهیمی" کۆچی دوایی کرد

14:29 - 26 خاکەلێوه 2723

کاک "عوسمان ئیبراهیمی"، هونەرمەندی خەڵکی شاری مەهاباد، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوە، کاک "عوسمان ئیبراهیمی"، هونەرمەندی گۆرانیبێژی خەڵکی مەهاباد، بەهۆی جەڵتەی دڵ لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو كە هونەرمەندێكی دیاری ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، ساڵانێكی زۆر لە بواری موزیک و گۆرانی خزمەتی هونەری کوردیی کردووە و خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆكلیپە.

کاک "عوسمان" بایەخێكی زۆری بە گۆرانیی كلاسیكی كوردی دەدا و زۆركات بەرهەمەكانی هونەرمەندی گەورەی كورد، مامۆستا محەممەد ماملێی وتووەتەوە.

تەرمی ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی هەینی لەنێو ئاپۆرای خەڵکی مەهاباد و شارەکانی تری کوردستان لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی بۆ کۆچی دوایی کاک "عوسمان ئیبراهیمی"، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو و کۆمەڵگەی هونەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.