کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسپێکی حەفتە و بەردەوامیی هێرشەکانی دەستوپێوندییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر قوتابخانەکان

10:17 - 27 خاکەلێوه 2723

دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی دەرمانداوکردنی قوتابخانەکانەکان، لە دەسپێکی ئەم حەفتەیەدا هێرشیان کردە سەر نۆ قوتابخانە لە چەند شار و ناوچەی ئێران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، لە سەرەتای ئەم حەفتەیەدا و لە درێژەی هێرشە کیمیاییەکانی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەکانی ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ٩ هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر چەند قوتابخانەی کچان لە شارەکانی سنه، سەرپێڵ زەهاو، ورمێ، مەهاباد، تاکستان، ئیزە و شاری قودس.

لە مەهاباد هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابخانەی کچانەی "شافعی" و زیاتر لە ٦٠ قوتابی ژەهراوی کران کە دۆخی تەندروستیی ٢٠ کەسیان نالەبار ڕاگەیەندراوە و دوو کەسیشیان بۆ نەخۆشخانەیەکی ورمێ ڕاگواست.

بەپێی زانیارییەکان، دۆخی بەشێکی بەرچاو لە قوتابییان نالەبارە و سەرەڕای بوونی پزیشک و پەرستار و کادری دەرمانیی فریاکەوتنی خێرا، هێزە سەركوتکەرەكانی ڕێژیمیش لە قوتابخانەکانی ئەو چەند شارە بوونیان بووە تاکوو لە دروستبوونی ناڕەزایەتی و دەربڕینی تووڕەیی خەڵک ڕێگری بکەن.

ژەهراویکردنی قوتابییانی کچ لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە لە شاری قوم دەستی پێ کرد و ئەم ڕەوتە هێشتا بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە ١٣ هەزار قوتابی ژەهراوی کراون و بۆ نەخۆشخانەکان ڕاگوێزراون.