کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر سیستمی ماڵیی سپای پاسداران خەڵاتی دیاری کرد

10:24 - 27 خاکەلێوه 2723

نووسینگەی ''پاداش بۆ عەداڵەت'' سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، خەڵاتێکی ١٥ میلیۆن دۆلاریی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر سیستمی ماڵیی سپای پاسداران دیاری کرد.

نووسینگەی ''پاداش بۆ عەدەڵەت'' لە ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوە لە تویتێر و لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا ڕایگەیاند، بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر سیستمی ماڵیی سپای پاسداران هەتا ١٥ میلیۆن دۆلار خەڵاتی دیاری کردووە.

ئەو نووسینگەیەی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئامانجی لە دیاریکردنی ئەو خەڵاتە بەدەستهێنانی زانیاری بۆ پارێزگاریکردن لە خەڵکی ئەمریکا و بەهێزکردنی ئەمنییەتی نیشتمانیی ئەو وڵاتەیە.

لەو هەواڵەدا هاتووە کە سپای پاسداران و لقی قودسی ئەو ڕێکخراوەیە کە لە دەرەوەی ئێران چالاکی دەکات، پشتیوانی چالاکیی تێرۆریستی لە سەرتاسەری جیهانن.

نووسینگەی ''پاداش بۆ عەداڵەت'' باسی لەوە کردووە: ''سپای پاسداران بۆ دابینکردنی تێچووی ئەو چالاکییانە بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێکاری ماڵیی وەکوو دامەزراندی شیرکەتی ڕواڵەتی و دامەزراوەی دیکە، هەوڵ بۆ پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەدات.

ئەمریکا ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی و لە سەردەمی سەرۆککۆماریی "دۆناڵد ترامپـ"ـدا، سپای پاسدارانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند.