کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتنەوەی دروشمی‌ دژی ڕێژیم له‌ كاتی‌ بەخاکسپاردنی ته‌رمی‌ دوو كۆڵبه‌رەکەی خەڵکی سەقز

10:41 - 27 خاکەلێوه 2723

بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی سەقز، شەوی ڕابردوو لە گۆڕستانی ''ئایچی''، لە کاتی بەخاکسپاردنی دوو کۆڵبەری خەڵکی ئەو شارە، دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا.

شەوی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە، خەڵکی سەقز لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەفشین فەلاحی و مەهدی ڕەحیمی کە دوای زیاتر لە حەفتەیەک تەرمەکانیان لە بەنداوی کێلەی بانە دۆزرایەوە، دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا.

بەپێی زانیارییەکان لە کاتی بەخاکسپاردنی ئەو دوو کۆڵبەرە، به‌ هه‌زاران كه‌س‌ له‌ خەڵکی سەقز لە گۆڕستانی ئایچی ئاماده‌ بوون و دروشمگەلی ''نەمان بۆ دیکتاتۆر''، ''شەهید نامرێ'' و ''دایه‌ مه‌گری‌ بۆ ڕۆڵه‌ شه‌رتە بستێنین تۆڵه‌''یان وتەوە.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئیتلاعاتی‌ ڕێژیم لە سەقز گوشاری‌ خستبووه‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌و دوو كۆڵبه‌ره‌ كه‌ به‌ تاریکی و درەنگانی شەو تەرمەکانیان بەخاک بسپێرن، هه‌روه‌ها پزیشكی‌ دادی ڕێژیم لە‌ بانه‌ هەتا درەنگانی شەو ته‌رمی ئەو دوو کۆڵبەرەی ڕادەستی بنه‌ماڵه‌كانیان نەکردبوو.

ڕۆژی شەممە ٢۶ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، تەرمی دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی ئەفشین فەلاحی تەمەن ٢٢ ساڵ و مەهدی ڕەحیمی تەمەن ٢٣ ساڵ، دوای زیاتر لە حەفتەیەک نووقمبوون، لەلایەن تیمێکی فەریاکەوتن و خەڵک و چالاکانی مەدەنی لە بەنداوی کێلەی بانە دۆزرانەوە.