کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کرێکارانی شارەداری و پارێزگاریی سنە بەهۆی دواکەوتوویی مووچە و حەقدەستەکانیان

12:19 - 27 خاکەلێوه 2723

بەشێک لە کرێکارانی بەشە جۆراوجۆرەکانی شارەداری و پارێزگاریی شاری سنە بەهۆی پێنەدانی مووچە و حەقدەستی چەند مانگیانەوە، مانیان گرت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە شاری سنەوە بە "کوردستان میدیا" گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەشێکی بەرچاو لە کرێکارانی دوو دامەزراوەی حکوومەتیی شارەوانی و پارێزگاریی شاری سنە، بەهۆی ئەوەی کە ماوەی زیاتر لە ٦ مانگە مووچە و حەقدەستی کارەکانیان دوا خراوە، لە پێش بینای شارەوانیی ئەو شارە کۆ بوونەوە و مانیان گرت.

ئەو کرێکارانە داوایان لە کاربەدەستانی پێوەندیداری شارەوانی و پارێزگاریی سنە کردووە کە هەرچی زووتر مووچەکانیان پێ بدرێت و زیاتر لەوە حەقدەستەکانیان دوا نەخرێت.

کرێکارانی شارەوانی ماوەی ٦ مانگ و کرێکارانی پارێزگاریش زیاتر لە ٤ مانگە مووچەکانیان پێ نەدراوە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، یەکێک لە بەرپرسانی شارەوانیی سنە کە ناوی تەواوی لای "کوردستان میدیا" پارێزراوە و ناوی کورتی "ئەلف،ڕ"ـێیە، کێشە و گرفتی لە مووچە و حەقدەستی ٢٤٠ کەس لە کرێکارانی شارەوانی دروست کردووە و باس لەوە دەکرێت کە بەئەنقەست ئەو کێشەیەی درووست کردووە.

کرێکارانی شارەوانیی شاری سنە داوایان ئەوەیە کە بە زووترین کات مووچە و حەقدەستەکانیان پێ بدرێت و لە دۆخی ناخۆشی ئێستای وڵاتدا کە گرانی و قەیران باڵی بەسەر هەموو جومگە ئابوورییەکاندا کێشاوە، گرفتی دیکە لە ژیانیاندا دروست نەبێت.