کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە دۆخی خراپی بژێویی ژیان

18:27 - 27 خاکەلێوه 2723

لە حاڵێکدا کە چالاکانی مەدەنی و کرێکاری سەبارەت بە خراپتربوونی دۆخی بژێویی ژیانی کرێکاران و خانەنشینکراوانی ئێران لە ساڵی نوێ هۆشدارییان داوە، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و خانەنشینکراوان لە شارەکانی ئێران هەروا بەردەوامە.

کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوان و کرێکارانی حەوت‌تەپە لە شاری شووش، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، لەهەمبەر دۆخی خراپی بژێویی ژیان و کەمیی حەقدەستەکانیان لە ساڵی نوێ، کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕازییان لە بەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بەرەو ئیدارەی کار لە شاری شووش ڕێپێوانیان وەڕێ خست و دروشمیان دا.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە خانەنشینکراوان لە شاری شووشتەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و بە ئاماژەدان بە ناودێرکردنی ساڵی نوێ لەلایەن خامنەییەوە بۆ کۆنترۆڵی هەڵاوسان، دروشمیان دا: ''کۆنترۆڵی هەڵاوسان تەنیا دروشمێکی بەتاڵ بوو''.

هەروەها چەندین ڤیدیۆ لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە شارەکانی ئەهواز و ئیسفەهان بڵاو بووەتەوە.

ناڕەزایەتیی سێنفی لە ئێران لە حاڵێکدا درێژەی هەیە کە هاوکات خوێندکارانیش دژی ژەهراویکردنی قوتابییان و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

خوێندکارانی دانشکەدەی زانستی کۆمەڵایەتیی زانکۆی عەلامە لە تاران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوە لە کاردانەوە بە حیجابی زۆرەملێ و ژەهراویکردنی قوتابییان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.