کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوڕدانەوەیەک لە ناڕەزایەتییەکان و چۆنیەتیی بەشداریی کورد لەم شۆڕشە

18:39 - 27 خاکەلێوه 2723

ئومید محەممەدپووری

پێشەکی پێویستە بڵێین کە دوو جۆر خۆپیشاندانمان هەیە:

١:هێمنانە

٢:توندوتیژ

١:هێمنانە زیاتر وڵاتە دێموکراتەکان لەخۆ دەگرێت، بە حوکمی ئەوەی کە ئازادیی ڕادەربرین و ناڕەزایەتیدەربڕین هەیە دەرەتانی ئەوە بە خۆپیشاندەران دەدرێت کە بە شێوازێکی هێمنانە و سەردەمیانە دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە.

٢: لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا، ناڕازییان دەڕژێنە سەر شەقامەکان کە زۆر جار بەرەو نواندنی توندوتیژی پاڵ دەنرێن و زیاتر لە وڵاتە دیکتاتۆرەکانی وەکوو ئێران کە دەنگی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە کپ دەکرێ دێتە بەرچاو.

ئەگەر ئاوڕێک لە دۆخی خۆپیشاندانەکان لە ئێران بدەینەوە، دەبینین هەر چەند ساڵ جارێک دەنگی ناڕەزایەتییەکان بەرز دەبووەوە. بۆ نموونە ناڕەزایەتییەکانی ٢٥جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٨لە کاردانەوە بە دزینی دەنگی خەڵک لە بەناو هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری کە بە بزووتنەوەی سەوز ناوبانگی دەر کرد.

لە ساڵی ١٣٩٦بەنیسبەت گرانبوونی نرخی مەعیشەتی ژیان.

دواتر بەرەبەرە مەودای ناڕەزایەتییەکان کەمتر بووەوە:

لە خەزەڵوەری خوێنینی ساڵی ١٣٩٨ بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٥٠٠٠ هاووڵاتی لە ئێران گیانی خۆیان لەدەست دا.

دۆخی ئێران وای کردووە کە خەڵک بە هەر بەهانە و پاساوێک دەڕژێنە سەر شەقامەکان. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زوڵم و جینایەت و ناکارامەیی دەسەڵاتدارانیش گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی و خەڵکی ناچار کردووە کە لە بەرانبەریدا بێدەنگ دانەنیشن و هەڵوێست بگرن.

بەڵام هەر جارە و بەشێوەیەک لە شێوەکان دیتمان کە ڕێژیم ئاراستەی خۆپیشاندانەکانی بە لاڕێدا بردووە و سەرکوتی کردووە بۆ نموونە: سووتاندنی کەشتیی نەوتهەڵگری سانچی، سووتاندنی بینای بازەرگانیی پلاسکۆ، خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی و کوشتنی ١٧٦ سەرنشینی فڕۆکەکە.

هەمووی ئەوانە بۆ بە لاڕێدابردنی ڕوانگەی گشتی و کەمڕەنگکردنەوەی خۆپیشاندانەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هاتۆتە ئاراوە.

دەتوانین بڵێین هەتا ئەم شۆڕشەی دوایی کە بە ناو شۆڕشی ژینا کراوە لە پێکانی ئامانجەکانی، کە بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان بووە سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی لە هەست و سۆزی خەڵک کەڵکئاوەژوو وەربگرێت.

بە خۆشییەوە ئەوڕۆکە دەتوانین بڵێین کە ئاستی تێگەیشتن و ڕوانگەی خەڵک بەنیسبەت ئەم پیلانانەی ڕێژیم زیاتر بووە و ژیرتر لە جاران بیر دەکەنەوە و چیتر فریوی سێناریۆکان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی ناخۆن.

لە شۆڕشی ئەمجارەدا بە خۆشییەوە هەموو نەتەوەکانی ژێردەستی فاشیزمی ئێرانی یەکڕیزی و یەک دەنگییەکیان لە نێوان ساز بووە.  وەک چۆن دیتمان دروشم دەدرا "از تهران تا کوردستان جانم فدای ایران"، یان "کوردستان چشم و چراغ ایران" هەموو گەڵاڵەکانی لە ماوەی ئەم ٤٥ ساڵە دایڕشتبوو بۆ دژایەتیکردنی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران بوونە بڵقی سەر ئاو. بەخۆشییەوە نێو ماڵی کوردیش کۆدەنگی و یەکگرتووییەکی زۆری پێوە دیارە و هەمووان سوورن لەسەر ڕامالین و لەسەرکار لابردنی یەکجاریی کۆماری ئیسلامی.

هەر لە ڕەوتی ئەم خۆپیشاندانانەدا دیتمان کە کورد هەم دەسپێشخەر و هەم پێشەنگ بووە بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتییەکان و بە جورئەتیش دەتوانم بڵێم کە ئامانجدارکردن و ئاراستەدارکردنی شۆڕشەکە بەشی هەرە زۆری لەلایەن کوردەوە کراوە. بەداخەوە نەهامەتی و چارەڕەشی و تێچووی گیانیش لە شارەکانی کوردستان زۆرتر بووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە کۆماری ئیسلامی لە تاران ڕۆڵی فاشیستێک دەگێڕێت بەڵام لە کوردستان جگە لە فاشیستبوون، داگیرکەریشە، لە تاران یان ناوچە فارسنشینەکان بە باتووم لە دژی خەڵک ڕادەوەستێت بەڵام لە کوردستان بە فیشەکی جەنگی و بە تەقەی ڕاستەوخۆ بەرەنگاری کۆمەڵگاکەمان دەبێتەوە. ڕوانگەی سەرەکی ئەوەیە کە کێشەکان بەنیسبەت ناوچە کوردستان جیاوازن و هەڵسوکەوتی ڕێژیمیش لەگەلیان جیاوازە. هەموو جارێک پتر هەوڵ بۆ مێلیتاریزەکردن و سەرکوتکردنێکی وەحشیانەتر و دڕەندانەتر دەدات. بۆیە نەتەوەی کورد دەبێ زۆر هەستیارتر و وشیارتر هەوڵی لەگەڵ بدات.

پێویستە ئەوەش بڵێم کە هەموی ئەم جینایەت و دڕندەییانە دوور لە چاوی جیهانیان و کۆمەڵگای مافی مرۆڤ نەکراوە و بەردەوام فیلم و بەڵگە لەسەر جینایەتەکان بڵاو کراوەتەوە کەچی چاویان لەسەر داخستووە و پێداچوونەوەیەکی ئەوتۆشیان بۆ نەکردووە و ئەوەش دەبێتە خاڵێکی نێگەتیڤ و شەرمەزاری و شوورەییەک بۆ ئەو ڕێکخراوانەی کە دەم لە جیهانیبوون دەدەن و پشتیوانی لە مافی مرۆڤ دەکەن.

لێرەدا وتەیەکی ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملوومان دێتەوە بیر کە دەفەرمێت: خەڵک نابێ چاوەڕێی ئەوە بن وڵاتانی دەرەکی نیشتمانمان بۆ ڕزگار بکەن، ئەوان دەتوانن یارمەتیدەر بن بەڵام ناتوانن ڕزگاریدەر بن.

بۆیە ئێمە دەبێ پشت بە خۆمان و خەڵکمان ببەستین و ڕەمزی سەرکەوتن لە یەکگرتندایە و نابێ هەر چاوەڕێی فریادڕەس و ناجی بین. گەورەترین ناجی و فریادڕەسی ئێمە هەر خۆمانین.

پێویستە ئەوە بخەینەوە بیری هەموو دانیشتووانی ئێران کە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە ئەوە تەنیا کورد بوو کە لە دژی ئەم ڕێژیمە وەستاونەوە و بەرانبەر بە ڕێفراندۆمە درۆیین و ساختەچییەکەی دەنگی نەخێریان بەرز کردۆتەوە، تا ئێستاش حیزب و ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان هەر لەم سەنگەری دژایەتیکردن و بەرخۆدانە وەستاونەتەوە.

ئەوڕۆکە ئاستی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان گەیشتۆتە شوێنێک کە کاربەدەستانی حکوومەتی خۆیان دەزانن کە کورسیی دەسەڵات تا سەر بۆیان نامێنێت و بۆ ئەزەل و ئەبەد نامێننەوە، بۆیە هەوڵ دەدەن وەکوو زێڕ و خوێنی وڵات و هاووڵاتیان هەڵبمژن و ئێرانێکی کاول و وێران لە دوای خۆیان بەجێ بێڵن.

سەرباقی ئەوەش لێیان ڕوونە کە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە بە حوکمی ئەوەی کە دەزانن ناتوانن کوردستان بکێشنە ژێر ڕکێفی خۆیان بۆیە بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە دەنگی کورد کپ بکەن.

ئەگەر دەبینین کە تا ئێستا ڕێژیم هەر پەلەقاژە دەکات و دواهەناسەکانی خۆی دەدات بەڵام لەسەر کارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە ئاڵتێرناتیڤسازیی پێویستی بۆ نەکراوە یان ئەوە کە بەرەیەکی یەکگرتوو لە مابەینی هەموو نەتەوەکانی ئێران پێک نەهاتووە و پێویستە کە ‌چیهرە ناودار و حیزب و ئۆپۆزیسیۆنە سیاسییەکان   زیاتر لێکنیزێک ببنەوە و ئەم هەستە تەکڕەوی و تەمامییەتی ئەرزی بە قسەی خۆیان لا بنێن و بیر لە مەنفەعەت و بەرژەوەندیی خەڵک بکەنەوە. لاوازی لەم بەشەدا بووەتە بەرگێکی براوە بۆ کۆماری ئیسلامی و کاتی پێ دەکرێت تا بەڵکوو ماوەیەکی زیاتر لەسەر کار بمێنیت و تۆڵە لە خەڵک بکاتەوە.