کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگاکانی سنە و کرماشان زۆرترین ڕێژەی بێکارییان هەیە

10:48 - 28 خاکەلێوه 2723

دوایین ڕاپۆرتی سەرژمێریی هێزی کاری ئێران باس لەوە دەکات کە پارێزگای سنە لە زستانی ساڵی ١٤٠١دا بە ڕێژەی ٢٠.٥ لەسەد زۆرترین ڕێژەی بێکاریی هەبووە و کرماشانیش بە ڕێژەی ١٥.١ لەسەد بێکاری، دووەم پارێزگایە؛ هەر چەند ڕێژەی بێکاریی ڕاستەقینە لەوەی کە لە ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماردا ڕاگەیەندراوە، زیاترە.

ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای سنە کە لە شۆڕشی ژینادا ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەربڵاوی بەخۆیەوە بینی، لە ماوەی یەک ساڵدا بە ڕێژەی چوار لەسەد زیادی کرد و گەیشتە ٢٠.٥ لەسەد.  

چوارمەحاڵ و بەختیاری بە ١٣.٥ لەسەد، لوڕستان بە ١٢.٨ لەسەد، هەمەدان بە ١٢.٣ لەسەد و ورمێ بە ١٢.١ لەسەد لە پلەی سێیەم تا شەشەمدان و زۆرترین ڕێژەی بێکارییان هەیە.

چوارمەحاڵ بەختیاری و لوڕستان لەو پارێزگایانەن کە بەشێکی زۆری هێزی کاریان لە پرۆژەی نەوت و گاز لە باشوور کار دەکەن.

دابەشبوونی جوغرافیای بێکاری بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکان، دۆخی نالەباری پارێزگاکانی کوردستان و ناوچەی زاگرۆس نیشان دەدات کە دەرئەنجامی سیاسەتی ناهاوسەنگی گەشەپێدانە.

لە کۆی حەشیمەتی ٦٤ ملیۆن کەس کە لە تەمەنی کارکردندان، تەنها ٢٣ میلیۆن و ٤٣٠ کەس لە زستانی ساڵی ١٤٠١ کاریان هەبووە، بەو پێیە ڕێژەی ڕاستەقینەی بێکاری لە ٦٣ لەسەد زیاترە.

زیادبوونی ژمارەی بێکاران لە حاڵێکدایە کە کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی بەڵێنیی دابوو ساڵانە یەک میلیۆن هەلی کاری نوێ دروست بکات. بەڵام لە کارنامەی ساڵ و نیوی یەکەمی دەسەڵاتی ناوبراودا، تەنیا گۆڕینی وەزیری هاوکاری و کار و چاودێریی کۆمەڵایەتی و سەپاندنی هەژاریی زیاتر بەسەر کرێکاراندا، تۆمار کراوە.