کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە: بڕیاری دادگای فەرمایشیی ڕێژیم قەبووڵ ناکەین

11:08 - 28 خاکەلێوه 2723

ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند: بڕیاری دەرچوو لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیم سەبارەت بە کوژرانی ١٧٦ موسافێری ئەو فڕۆکەیەی کە بە مووشەکی سپای پاسدارانی ڕێژیم کەوتە خوارەوە، قەبووڵ ناکەین.

ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەسەر ئەوە جەختیان کردەوە کە بە هیچ جۆرێک ئەو دادگا فەرمایشییەی ڕێژیمی ئێران، سەڵاحییەتی ئەوەی نییە کە لەسەر ئەو دۆسیەیە بڕیار بدات و ئەوان بە هیچ جۆرێک لە دەستەبەرکردنی دادپەروەری ماندوو نابن و دەبێ ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێن.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدا بەوەیکە دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، فەرماندە و تۆمەتبارە سەرەکییەکانی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی تا ئێستا دادگایی نەکردووە و تەنیا ١٠ تۆمەتباری بەبێ ئەوەیکە ناسنامەکانیان ئاشکرا بکات ناساندووە، هاتووە کە بەڕێوەچوونی دادگاکانیان لە هۆڵە شاراوەکان و بە نهێنی بووە و بێڕێزییان بە بنەماڵەی قوربانییان کردووە و بە بەڕێوەبردنی دادگایەکی فەرمایشی کۆتاییان بە سیناریۆی لەپێشداڕێژراوی خۆیان هێناوە.

جێگەی ئاماژەیە کە هێزەکانی ڕێژیم پاش خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە زۆر بە خێرایی ڕۆیشتنە ئەو شوێنە و هەموو بەڵگەکانیان دژ بە سپای پاسدارانی ڕێژیم کۆ کردەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە دەزگای قەزایی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش سێ ساڵ ڕایگەیاند کە فەرماندەی"تور- ئێم یەکـ"ـی سپای پاسدارانی وەکوو تۆمەتباری سەرەکی بە ١٣ ساڵ بەندکران مەحکووم کردووە.

هەروەها ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە داوایان لە ٤ وڵاتی "کانادا، بریتانیا، سوید و ئۆکراین" کردووە کە سەرەڕای تۆمارکردنی سکاڵا دژی ڕێژیمی ئێران لە دیوانی نێونەتەوەیی دادگوستەری، پشتیوانیی لە سکاڵای بنەماڵەی قوربانییانی ئەو ڕووداوەش بکەن.