کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی خوێندکاران لە چەند زانکۆی ئێران لە ناڕەزایەتی بە حیجابی زۆرەملێ و ژەهراویکردنی قوتابییان

11:39 - 28 خاکەلێوه 2723

خوێندکارانی چەند زانکۆی ئێران لە ناڕەزایەتی لەهەمبەر کردەوەی توندوتیژانەی هێزەکانی حەراسەت سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ و هەروەها دەرکردنی سزای قورس لەلایەن کۆمیتەی ئینزباتی لە دژی خوێندکارە ناڕازییەکان و پێکهێنانی کەشی ترس و تۆقاندن لە زانکۆکاندا، مانیان گرت.

خوێندکارانی دانشکەدەی دەروونناسی و زانستی پەروەردەی زانکۆی تاران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ و حوکمی ئینزباتیی قورس دژی خوێندکاران، مانیان گرت و دژی ئەو دۆخە ئەم دروشمەیان دا: ''دۆخی ئێران خراپە، مەلا لە فکری حیجابە''.

هەروەها خوێندکارانی دانشکەدەی زانستی کۆمەڵایەتی لە زانکۆکانی عەلامە و تاران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوە لە کاردانەوە بە حیجابی زۆرەملێ و ژەهراویکردنی قوتابییان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

جێگەی ئاماژەیە لە چەندین زانکۆی ئێران بەرپرسانی زانکۆ بە بیانووی حیجابی زۆرەملێ ڕیگە نادەن خوێندکاران بچنە نێو زانکۆکانەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باس لەوە کرابوو کە زانکۆی یەزد و زانکۆی ئازادی ڕەشت بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ زۆرێک لە خوێندکارە کچەکانی لە خزمەتی پەروەردەیی بێبەش کردووە.

پێشتریش کاناڵی شۆرای سێنفیی خوێندکارانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم ٤٣٥ کەس لە خوێندکارانی سەرانسەری ئێران لە ڕەوتی شوڕشی ژینادا لە درێژەدان بە خوێندن هەڵپەسێردراون یان لە زانکۆ دەر کراون.