کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی کیمیایی کرایەوە سەر چەندین قوتابخانەی کوردستان

17:55 - 28 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی هێرشە کیمیاییەکانی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان، دیسانەوە هێرشی کیمیایی کرایە سەر چەندین قوتابخانە لە شارەکانی بۆکان، سەقز، دیواندەرە، ڕوانسەر، سنە و گیەڵان.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە، هێرشی کیمیایی کرایە سەر پەیمانگەی "ئەندیشە"، قوتابخانەکانی ناوەندیی "١٧ی شەهریوەر" و دواناوەندییەکانی "عیسمەت" و "خەدیجەی کوبرا" لە شاری گیەڵان و کۆمەڵێک قوتابی ژەهراوی کران و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە.

هەروەها هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابخانەی کچانەی "نەسیبە" لە شاری سنە و قوتابخانەی کچانەی "هاجەر" له شاری دیواندەرە و دەیان قوتابی بۆ نەخۆشخانەکان گواسترانەوە.

لەلایەکی ترەوە هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی "مەولانا" له گەڕەکی "دانشگا"ی ورمێ و قوتابخانەی کچانەی "فەجر" لە بۆکان و کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییان ژەهراوی کران.

هێرشی کیمیایی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەکانی سەقزیش بەردەوامە و ئەمجار هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی "شوهەدای غەزە".

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێییەکان لە ڕوانسەر، هێرشی کیمیایی کرایە سەر  قوتابخانەکانی ناوەندیی کچانەی فەرهەنگ و لانیکەم ٢ قوتابی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

شایانی باسە کە هێرشی کیمیایی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی تری ئێران، چڕتر بووەتەوە.