کەریم پەرویزی
له نیوه‌ی سه‌ده‌ی ١٩ی زایینی شاری له‌نده‌ن تووشی نه‌خۆشی و په‌تایه‌كی مه‌رگهێنه‌ر بوو كه زیاتر له ١٥٠٠٠ كه‌س به‌و نه‌خۆشییه گیانیان له‌ده‌ست دا.
په‌تای سكچوون یان هه‌مان كۆلێرا، كه خه‌ڵكی به‌توندی نه‌خۆش ده‌خست و دوای ئازارێكی زۆر، گیانیان له‌ده‌ست ده‌دا له شاری له‌نده‌ن بڵاو ببو‌وهوە و خه‌ڵكی تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ كردبوو. به پێی فكر‌و بیری كۆن پێیان وابوو كه هه‌واكه پیسه و نه‌خۆشی له هه‌واكه‌دا بڵاو بۆته‌وه و بۆیه هه‌ر ماڵێک كه ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی ده‌گرت ئاگریان تێ به‌ر ده‌دا تاكوو هه‌وا پیسه‌كه به ئاگر بسووتێ و بڵاو نه‌بێتەوه به‌نێو گه‌ڕه‌كدا! كلیسا و كشیشه‌كانیش پێیان وابوو كه تاوان و گوناح زۆر بووه و ئه‌وه عه‌زابی خودایه كه به‌سه‌ر له‌نده‌ندا ده‌بارێ و داوایان ده‌كرد كه خه‌ڵک تۆبه بكه‌ن و په‌نا ببه‌نه به‌ر كلیسا! كه‌چی خودی كشیش و كلیساكانیش تووش ده‌بوون و ده‌مردن!
جان سنۆ، دوكتۆر و میكرۆبناسی به‌ناوبانگ دوای لێكۆڵینه‌وه پێی زانی كه هۆكاری نه‌خۆشییه‌كه، باكتریه‌كه كه له ڕێگه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌وە بڵاو ده‌بێته‌وه و له ڕاستیدا تێكه‌ڵبوونی ئاوی پیسی زێراب و ئاوی خواردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان، هۆكاری سه‌ره‌كیی نه‌خۆشییه‌كه‌یه و به خاوێنكردنه‌وه‌ی ئاوی گه‌ڕه‌كه‌كان و به به‌كارهێنانی كولور، پێشی به نه‌خۆشییه‌كه گرت.
ئه‌م شێوه هه‌ڵسوكه‌ته له درێژه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به‌رده‌وام دووپات بۆته‌وه و نه‌زانینی هۆكاری ڕووداوه‌كان، هه‌ڵوێستی جیاوازی مرۆڤه‌كان و تێگه‌یشتنه جیاوازكانی لێ كه‌وتۆته‌وه.
ژیان پڕه له نهێنی و سروشتیش پڕه له یاسا و زانیارییه‌كانی مرۆڤیش له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا سنووردار بوون. هه‌ر بۆیه هه‌رچی ده‌گه‌ڕێیه‌وه بۆ دواتر له مێژوودا، زۆر شتی سانا و ساكار هه‌بوون كه له‌به‌ر نه‌زانی و له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوونی زانیاری، لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ كراوه و ڕه‌نگه به سه‌دان هه‌زار كه‌س و به ملیۆنان كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دابێ چونكه زانست ئه‌وه‌نده پێشنه‌كه‌وتبێ.
سنوورداربوونی زانایی و هه‌روه‌ها جووڵه و پێشكه‌وتنی به‌رده‌وامی زانست، شتێكی ئاسایی و سروشتیه و لێكۆڵینه‌وه به‌رده‌وامه‌كان، زانست به‌هێزتر ده‌كه‌ن و و‌ڵامی پرسیاره‌كانی بۆ ده‌دۆزنه‌وه و ڕه‌نگه پرسیاری نوێش بخولقێنن. به‌ڵام ئه‌وی ناسروشتیه، كه‌ڵكی نابه‌جێ وه‌رگرتن له‌و نه‌زانینانه و و‌ڵامی نابه‌جێ دانه‌وه به پرسیاره‌كانه!
خورافات یه‌كێک له‌و ڕێگایانه‌یه كه هه‌وڵ ده‌دا و‌ڵامی پرسیاره‌كان بداته‌وه، به‌ڵام نه‌ک و‌ڵامی دروست و به پێزانینی هۆكاری ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رچاوه‌كان، به‌ڵكوو خورافات هه‌وڵێكه بۆ ساده‌كردنه‌وه‌ی شته‌كان و دۆزینه‌وه‌ی ساده‌ترین و‌ڵامه‌كان كه هیچ پێچ و په‌نایه‌كی تێدا نه‌بێ و هیچ ڕێگایه‌كی ئاڵۆزی تێدا نه‌گیرێته به‌ر. خوو و خده‌ی مرۆڤه‌كان وه‌هایه كه حه‌ز به ساناكردنه‌وه‌ی شته‌كان ده‌كه‌ن و به‌دوای نزیكترین ڕێگا و به‌رده‌ستترین و‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێن. ساده‌ترین و‌ڵام و نزیكترین ڕێگا هه‌میشه دروستترین و‌ڵام نییه و ڕه‌نگه هه‌ڵه‌ترین ڕێگاش بێ.
له‌به‌ر ساده‌بوونی وڵامه‌كانی ئێستاش و دوای ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ی زانست، هێشتا خورافات زیندووه و به هه‌زاران و ڕه‌نگه به میلۆنان كه‌س بڕوا به ڕێگا خورافییه‌كان زۆرتر بكه‌ن تاكوو ڕێگا زانستییه‌كان. به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وكاته قووڵتر ده‌بێته‌وه و ده‌بێته كاره‌سات كه خورافات توشی سیاسه‌ت ده‌بێ! یان به واتایه‌كی دیكه خورافات ده‌بێته ئامرازی ده‌ستی سیاسه‌ت و سیاسه‌تڤان بۆ بردنه‌پێشی كاره‌كانی په‌نا ده‌باته به‌ر خورافات!
له تێكه‌ڵبوونی خورافات و سیاسه‌تدا ئیدی ته‌نیا ژیانی تاكه‌كه‌سی و به ئیراده و ئیختیاری خودی تاكه‌كه نییه كه ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، به‌ڵكوو ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و چه‌ندین نه‌ته‌وه و ڕه‌نگه ژیانی داهاتووی وڵات و چه‌ندین نه‌سڵی دواتریش وه‌مه‌ترسی ده‌كه‌وێ. به میلۆنان كه‌س له داهاتوودا له‌دایک ده‌بن و ژیانیان پێشتر ڕێگه‌ی خورافیی بۆ دانراوه به بێ ئه‌وه‌ی خۆیان هیچ ڕۆڵێكیان له داڕشتنیدا هه‌بووبێ!
خورافات یه‌كێک له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی سیاسه‌ت له ده‌سه‌ڵاتی ئێران چ ئێستا و چ له قۆناخه‌كانی پێشتریشدا بووه!
كاتێك كه مه‌حموودی ئه‌حمه‌دینژاد له نیۆیۆرک ده‌گه‌ڕێته‌وه به هاله‌ی نووره‌وه دێته‌وه، شتێكی نامۆ نییه له سیاست له ئێران‌دا، چونكه پێشتر گوتراوه كه خامنه‌یی هه‌ر له چركه‌ساتی له‌دایكبوونیدا وتوویه‌تی یا عه‌لی!
خورافات ته‌نیا گرێ‌دراو به ڕێژیمی ویلایه‌تی فه‌قیهیش نییه! له سه‌رده‌می پاڵه‌ویدا كه لایه‌نگرانی دووباره سه‌رهه‌ڵداوه‌ی ده‌یانه‌وێ به سه‌رده‌می غاردان به‌ره‌و پێشكه‌وتنی ناو ببه‌ن، خودی حه‌مه‌ره‌زای پاڵه‌وی له كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێ كه له منداڵی‌دا كه له ئه‌سپ كه‌وتۆته خوار، حه‌زره‌تی ئه‌بولفه‌زل ده‌ستی به باڵیه‌وه گرتوه تاكوو سه‌ری له به‌رد نه‌دا و نه‌مرێ! یان ده‌ڵێ له ده‌ورانی لاوه‌تیدا له كاخ پیاسه‌ی كردووه و سیمای مه‌هدیی ئاخرزه‌مانی دیوه‌و هاوڕێكه‌ی نه‌یدیوه و بۆیه ئه‌و بژارده‌ی مه‌هدییه!
كه له مێژووی پاشاكانی نێو مه‌مالكی مه‌حرووسه‌دا ده‌گه‌ڕێی، ئه‌م جۆره خورافاته زۆر به‌رچاو بووه و یان خۆیان ڕه‌وایه‌تیان كردووه یان ماستاوچییه‌كانی ده‌ربار بۆیانی دروست كردوون! به جۆرێک كه له ده‌ورانی شا سوله‌یمانی سه‌فه‌ویدا، عه‌لامه مه‌جلیسی، كه به دارێژه‌ره‌ی فیقهی شیعه‌ی سه‌فه‌ویی ناسراوه، دونیایه‌ک درۆ و خورافاتی بۆ شا سوله‌یمان دروست كردووه! ئه‌مه له كاتێكدایه كه مێژوو و ڕه‌وایه‌ته مێژووییه‌كان باسی گه‌ندكاری و گه‌نده‌ڵیی ئەخلاقیی شا سوله‌یمان به فراوانی ده‌كه‌ن!
خورافات و ڕه‌گی خورافی له جوغرافیای ئێران‌دا ته‌نانه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می داریووشی هه‌خامه‌نشیش كه له كه‌تیبه‌كانیدا به پێی لێكۆڵینه‌وه مێژوویی و ئاسه‌وارناسییه‌كان پر له درۆ و چەواشه‌كارین. له‌وێدا داریووش ده‌ڵێ كه هه‌شت پشتی شا بووه! كه‌چی هیچ ئاسه‌وارێكی مێژووی نییه كه نیشان بدا كه خاندانی ئه‌و له شوێنێک پێشتر شا بووبن و مێژوو خۆی سه‌رچاوه‌ی داریووشی بۆ ناڕوونه كه له كوێوه سه‌ری هه‌ڵداوه و ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتووه!
خورافات له سیاسه‌تی ئه‌م جوغرافیایه‌دا دوو كاركردی هه‌بووه:
یه‌كه‌م: خه‌ریکكردنی خه‌ڵكی ئاسایی به و‌ڵامه درۆیینه‌كانه‌وه و و‌ڵامی ساكار و چه‌واشەکارانە به ئازاره‌كانیان بدرێته‌وه.
بۆ وێنه كاتێک كه گرانی و قاتوقڕی له وڵات بووه، یان ئێستا كه لافاو و بوومه‌له‌رزه و كاره‌سات له وڵات ڕوو ده‌ده‌ن، حكوومه‌تیش هیچ بوودجه‌یه‌كی بۆ فریاكه‌وتنی خه‌ڵك ته‌رخان نه‌كردووه و سیستمی ئه‌مڕۆیی بۆ كاتی قه‌یران نییه، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر خورافات و ده‌ڵێن كه ئه‌وه عه‌زابی خوداییه یان تاقیكاریی ئیلاهیه!
دووهه‌م: له نه‌بوونی ڕه‌وایی و مه‌شرووعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتداریدا، خورافات بۆته هۆكارێک كه ڕه‌وایی درۆینه بۆ حكوومه‌ت بدۆزنه‌وه و حاكمی سست و لاواز و بێ پێگه په‌نای بردۆته به‌ر درۆ و خورافات تا فه‌ڕی ئیزه‌دی و ئیلاهیی بۆ بدۆزرێته‌وه!
داریووشی هه‌خامنه‌شی كه خۆی به جه‌عل و درۆ سه‌پاند، له كه‌تیبه‌كه‌یدا درۆ و خورافات ده‌نووسێ تاكوو ڕه‌وایی بدا به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی! حه‌مه‌ڕه‌زای پاڵه‌وی كه حاكمێكی سست و لاواز و هه‌میشه نه‌خۆش بوو، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی لاوازییه‌كه‌ی په‌نا ده‌باته به‌ر ئه‌بولفه‌زل و مێهدی!
خورافات ته‌نیا له ئاستی كۆنه‌پرستترین توێژه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداریدا نییه، به‌ڵكوو وه‌كوو گورز و ئامرزاێک لایه‌نی سیاسیی زۆر جیاوازیش كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرتووه!
له‌م ڕۆژانه‌دا ئه‌میرحوسه‌ینی گه‌نجبه‌خش له وتوێژێكدا گوتبووی كه دێموكراسی له سه‌رده‌می هه‌خامەن‌شی و له ڕێگه‌ی داریووشەوە چۆته نێو یۆنان!
یان له نموونه‌یه‌كی دیكه‌دا، یه‌كێک له چالاكانی لایه‌نگری پاشایی، نووسیبووی كه گۆزه‌یه‌ک هی سه‌رده‌می ئه‌شكانییه‌كان دۆزراوه‌ته‌وه كه تیكه‌یه‌ک مس و تیكه‌یه‌ک ئاسنی تێدا بووه و ئه‌مه یه‌كه‌م باتریی جیهانه كه له‌و سه‌رده‌مدا كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرتووه! ناڵێ ئاخۆ ئه‌و باتریه كه چه‌ند هه‌زار سال پێش له پێشكه‌وتنی زانست و فیزیک و دۆزینه‌وه‌ی كاره‌با دروست كراوه گسكی كاره‌بایی بۆ ده‌رباری پاشا پێ هه‌ڵ كراوه یان پاوێربانكی خه‌تی وای‌فای ماڵی پاشای بووه!؟
كاتێك له دۆعاكه‌ی كوورش ورد ده‌بیه‌وه، ده‌زانی كه هۆكاری ئه‌و دۆعایه‌ی چی بووه! كوروش له دۆعاكه‌یدا ده‌ڵێ كه خودایه وڵاته‌كه‌مان له درۆ و وشكه‌ساڵی و دوژمنان به‌دوور بگری! دیاره كه درۆكردن له نێو خه‌ڵكه‌كه‌یدا ئه‌وه‌نده باو بووه كه ته‌نانه‌ت له وشكه‌ساڵی گه‌وره‌تر و مه‌ترسیدارتر بووه! تازه درۆ و وشكه‌ساڵی له دوژمنانیش به‌هێزتر بوون! بۆیه له پێشدا دوعا ده‌كا كه وڵاته‌كه له درۆ به دوور بێ!
دامه‌زرانی سیستمێكی حكوومه‌تیی سێكۆلار ڕه‌نگه به‌ته‌نیا و‌ڵامده‌ر نه‌بێ له‌م وڵاته، چونكه هه‌رجاره‌و به‌ناوێک ئیمكانی سه‌رهه‌ڵدانی جۆرێک له خورافات هه‌یه و بۆیه ده‌بێ حكوومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌ساسی زانستی سه‌رده‌م و پێشكه‌وتنه‌كانی دونیا بێ و دوور بێ له هه‌ر جۆره ئیدئۆلۆژییه‌ک و هه‌رجۆره خورافاتێک كه ڕه‌نگه چه‌ندین نه‌وه تووشی نه‌هامه‌تی بكا! پێش له هه‌وڵدان بۆ وه‌دیهاتنی مافی مافی مرۆڤ، دبێ هه‌وڵ بۆ سڕینه‌وه‌ی خورافات له سیاسه‌ت و حكوومه‌تداری له‌نێو ناوه‌ندگه‌راكاندا بدرێ!
وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین