پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی مانگرتنی چوار هاووڵاتیی دێهلوڕانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام، لاوانی ئازادیخواز و بوێری ئەو شارە ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.
شەوی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لاوانی ئازادیخواز و بوێری دێهلوڕان لە پارێزگای ئیلام بە مەبەستی پشتیوانییکردن لە هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو کە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام مانیان لە خواردن گرتووە، بە کردنەوەی ئاگر لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارە، ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.
لاوانی ئازادیخوازی دێهلوڕان لەسەر ئەوە جەختیان کردووەتەوە کە لە شەوانی داهاتوودا بەهێزتر دێنەوە سەر شەقامەکان و درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن.
عەزیم یادگاری، حوسێن باپیروەند، فەرشاد ئایینی و سەعدوڵڵا ئایینی، شەوی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە شاری دێهلوڕان دەسبەسەر و دوای لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترانەوە.
ئەو هاووڵاتییانە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی درێژکرانەوەی ماوەی دەسبەسەرکرانیان و هەروەها پشتگوێخرانی دۆسیەکانیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام، مانیان لە خواردن گرتووە.