کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدان دیاردەیەکی قیزەون لە کۆماری ئیسلامیدا

14:19 - 29 خاکەلێوه 2723

شەهرام سوبحانی

لەسێدارەدان یەکێک لە دیاردە هەرە قیزەونەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە کە لەلایەن ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکانەوە وەک کارێکی نەشیاو و دژەمرۆڤی مەحکووم کراوە و بە پێکهێنانی بازنەیەکی گەورە هەوڵی کەمڕەنگکردنەوەیان لە ئاستی جیهاندا داوە؛ ئەم دیاردە سامناکە لەلایەن هێندێک لە دەوڵەتانەوە بەکار دەهێنرێ و لەلایەن هێندێک لە دەوڵەتانی دیکەوە هەڵوەشاوەتەوە چونکە پێیان وایە کە سێدارە شیاوی مرۆڤ نییە و سزای مرۆڤەکان دەبێ بە شێوازێکی دیکە بێ هەر بۆیە لە ئێستادا زیاتر لە ۱۴۰ وڵات سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام لە بەرابەر دا ۵۳ وڵات بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە کە دوو وڵاتی چین و ئێران زیاترین سزای لەسێدارەدانیان تێدا جێبەجێ دەکرێت.

ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی بۆ لەنێوبردنی چالاکوانانی بەهەڵویست و نەیارانی خۆی هەموو کات سێدارە وەک ئامرازێک یان زامنێک بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ناوەندی بەکار دەهێنێت تاکوو نیزامی ویلایەتی فەقیهـ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ڕێژیمێک کە لە ۴۰ ساڵی ڕابردووی خۆیدا بە پێی ئاماری ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان زیاتر لە ۶ هەزار کەسی لە سێدارە داوە، ئەمە تەنیا بەشێک لە سزای لەسێدارەدانەکانە کە لە سانسۆری ڕێژیم دەرچووە و نەیتوانیوە پێش بە میدیاییکردنیان بگرێ ئەگینا هەزاران کەسی دیکەیان بە بێدەنگی لە چاڵەڕەشەکانی کەهریزەک و فەشافوویە و ئێڤین لە سێدارە داوە و دواتر بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندوون کە خۆیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە کوردستان بەنیسبەت پارێزگاکانی ئێران زیاترە چونکە کوردبوون لای دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ خۆی تاوانە و پێیان وایە ماڵ و سامان و خاکی کوردستان بۆ ئەوان حەڵالە و داوای مافی سیاسی و نەتەوەیی کردن سزای پەت وسێدارەی بەدواوە هەیە، هەر بۆیە کوردستان هەمیشە زیاترین سزای لەسێدارەدانی بە خۆوە بینیوە.

بە پێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو تەنیا لە ماوەی سێ مانگی سەرەتایی ساڵی ۲۰۲۳دا لانیکەم ۴٨ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون کە بەپێی ئەو ڕێژەیە لە پارێزگای ورمێ ۱۹کەس، کرماشان ٨کەس، سنە۳کەس، ئیلام ۳کەس و لە بەندیخانەکانی شارەکانی دیکەی ئێرانیشدا ۱۶کەس، کە ۳ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون. ئەم ئامارەش بە بەروارد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو نزیکەی ۲۷٪پەرەی سەندووە. هەنگاو لەو بڕوایەدایە کە ڕێژیمی ئێران بۆ ترساندن و تۆڵەسەندنەوە لە خەڵکی کوردستان بە هۆی شۆڕشی ژینا سزای لەسێدارەدانی لە ئاستی ئێران و کوردستاندا پەرە پێداوە. شایانی باسە هەر لەو ماوەیەدا لانیکەم سزای لەسێدارەدرانی ۱۰ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی کەرەج جێبەجێ کراوە کە تازەترینیان لەسێدارەدانی مەحیەدین ئیبراهیمی بوو کە لە یەکێک لە بەندیخانەکانی شاری ورمێ بەدەستی جەلادانی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە درا.کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەیکە سێدارە بە کولتوور بکا دەیان بەرنامە و پڕۆگرامی تایبەت بەکار دێنێ، سامانێکی زۆری تەرخانی نەهادینەکردنی ئەم دیاردە دژەمرۆڤییە کردووە تا سێدارە وەک دیاردەیەکی ئاسایی نیشان بدا کە لە ئاکامدا خەڵک هەڵوێستیان نەبێ بەنیسبەت ئەو ئاکارە هەر بۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شایەتی ئەو ئاکارانە هەین کە کاتێک بیانهەوێ کەسێک لە سێدارە بدەن چەن ڕۆژ بەر لە لەسێدارەدانی بە بڵاوکردنی تراکت و ئاگاداری جۆراجۆر خەڵک ئاگادار دەکەنەو کەوا لە فڵان ڕۆژدا لە مەیدانی فڵان، کەسێل لە سێدارە دەدرێ، بەڵام ئەوەی لێرە جێگەی سرنجە ئەوەیە کە بەشداریکردنی منداڵانیش ئاسایە چۆن دیانهەوێ هەر لە منداڵیڕا ئەم دیاردە بخەنە نێو مێشکی منداڵانەوە کە لە داهاتوودا ئەگەر کەسێکیان بینی کە لە سێدارە درا هەڵویست نەگرن، واتا ئەم کارە ئاکامی زۆر خراپی بە دواوە هەیە کە گرینگترینیان بێهەڵویستکردنی خەڵک بەرانبەر بە جینایەتەکانی خۆیانە.

ئاوڕدانەوە لە ۴ دەیە دەسەڵاتی ڕەشی ئاخوندی دەرخەری ئەو ڕاستییە مێژوویەیە کە ئەم نیزامە، سێدارە وەک بەشێک لە سیاسەتی سەرکوت و خەفەقانی خەڵک بەکار دێنێ؛ کاتێک ناتوانن وڵامدەری ویست و داواخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بن لە یەکەم هەنگاودا بە ڕەشبگیری و سازکردنی دەیان لاپەڕەی پڕوپاگەندە  ناوبراو بە جیاییخواز و چالاکی دژی نیزام و ئەمنییەتی گشتی لە قەڵەم دەدەن کە لە ئەمڕۆدا ئەم سیاسەتە لە کوردستان زیاتر لە هەر لە ساڵێک بەرچاو دەکەوێ. ئەم دیاردە لە کوردستان بەنیسبەت پارێزگاکانی دیکەی ئێران نامۆ نییە؛ چونکە ڕێژیمی تاران دەیهەوێ بە چاوترسێنکردن، خەڵکی کوردستان لە حیزبەکان و کار و چالاکی دوور بخاتەوە و زیاتر لە جاران لە فیکری داڕشتنی پیلانی نوێدایە بەتایبەت لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا کە کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی و کوردستان کە خۆیان بۆ شۆڕشێکی نوێ و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ ئامادە کردووە.

سیاسەتی ئێعدام و تێرۆری تێکۆشەرانی کوردستان درێژە پێدەدن تا دەنگی خەباتکاران کپ کەن بەڵام غافڵ لەوەی کە ئێمە دووبارە دەڕوێینەوە، پێم وایە تەنیا ڕێگە لە بەرانبەر ڕێژیمی فاشیستی تاران بۆ کۆتایهێنان بە ئەستاندنی گیانی ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەبوونی خەباتێکی جیددی دژی ڕێژیمی ئێران و زیادکردنی تێکۆشەرانە.

لە مێژوویی شوومی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ناوی دوو کەس هەتاهەتایە لە گوێی خەڵکدا دەزرینگێتەوە، ئیبراهیمی ڕەئیسی و سادقی خاڵخاڵی ئەو دوو کەسە وەک تاوانبارترین و خوێمژترین کەس لە مێژوویی دەسەڵاتی سیاسیی ئێراندا دەمێننەوە، خاڵخاڵی کە وەک باوکی ئێعدامی ئێران ناسراوە بە هۆی جینایەتەکانی لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بوو، کە دەستی بە خوێنی هەزاران کەس لە خەڵکی بێ تاوان سوور ببوو. بەتایبەت لە کوردستان کە هەر دوای ئێعدامەکان لە جینایەتەکانی خۆی وێنەی هەڵ دەگرت و لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ڕێژیم (کەیهان، ئیتلاعات) بڵاوی دەکردەوە. بەداخەوە بێدەنگبوونی زلهێزەکان و یەکیەتیی ئورووپا ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ نیزامی پەتوسێدارە کە دەستیان ئاوەڵاتر بێ بۆ لەنێوبردنی خەڵکی بێ تاوان و بێدەسەڵاتی ئێران. ئەگینا ئیبراهیمی ڕەئیسی کە خۆی تاوانباری سەرەکیی سێدارەکانی ساڵی ۶۰تا ۶۷ە چۆن دەبێ هەڵبژێردراوی پۆستی سەرۆککۆماری بێت و دانیشتنی لەگەڵ بکەن یا مشروعییەتێکی پێ بدەن.

هەر بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکان دوای هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆککۆماری ئێران ‌ڕێژەی ئێعدامەکان بەپێی ساڵی ڕابردووە ۲۵ لەسەد پەرەی سەندووە.

لە یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمدا کەسانێکە گەندەڵی بکەن یا کەڵکئاوەژووی ڕەگەزی لە منداڵان بکەن سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەبڕێتەوە بەڵام نازانم بۆ دوای بە تاوانبارناسینی سەعیدی تووسی بینەری حوکمی ئێعدامی نەبووین؟ بۆ لە دوای ئەو هەموو گەندەڵییەی کە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە دەبینین سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرناکرێ!! هەر کەس پێیان خۆش بێ دەیان لاپەڕەی بۆ تۆمار دەکەن تا وەک تاوانبار لە قەڵەمی بدەن و ئێعدامی بکەن و هەر کەسیش لە خۆیان بێ با دەیان کاری دژە یاساییشی کردبێ هەر گیانی پارێزراوە.

نیزامی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە لە ڕێبەندانی ساڵی ۵۷ تا ڕەشەمەی ساڵی ۵٨ تەنیا ۴۳٨ کەسی لە سێدارە داوە. واتا هەر لە دەسپێکەوە دەسەڵاتداریان بە سێدارە و سەرکوت دەس پێ کردووە و هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ بە کەڵکوەرگرتن لەم دیاردە دژەمرۆڤییە توانیویانە پارێزەری دەسڵاتەکەیان بن. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی و سیاسیی خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستان گەیشتووتە ڕادەیەک کە چیتر ناتوانن بە سێدارە و سەرکوت پێش بە خەڵکی مافخوازی ئێران و کوردستان بگرن. هەر بۆیە داهاتوویەکی ڕوونمان لەپێشە کە هەموومان دەبێ خۆمانی بۆ حازر بکەین و هەوڵ بۆ ڕزگاریی وڵاتەکەمان بدەین.