کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان لە کوردستان و ئێران

18:13 - 29 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەی کچانە لە ئێران و کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، قوتابییانی کچ لە چەندین قوتابخانە ژەهراوی کران.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوە، لە شاری کرماشان قوتابخانەی کچانەی نەبوەت و دوو قوتابخانەی کچانە و کوڕانەی سەرەتایی بە ناوەکانی ''نەسر'' و ''دانا'' و لە شاری سەقز قوتابخانەی کچانەی ناوەندیی ''ئیمان" هێرشی کیمیاییان کراوەتە سەر و ژمارەیەک قوتابی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

هەروەها هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی "هەدەف" لە ورمێ و قوتابخانەی سەرەتایی کچانە و کوڕانەی ''شافعی'' لە گوندی بالاو و دەیان قوتابی ژەهراوی کران و بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لەو شارە گواستراونەتەوە.

هاوکات لە شارەکانی ئێران، قوتابخانەی بەهارانی ئەردەبیل، قوتابخانەی پەردیسی شەریفی نازی‌ئاباد، قوتابخانەىەکی کچانەی ئەهواز و قوتابخانەى ئەبرارى تاران، هێرشی کیمیاییان کرایە سەر و دەیان قوتابی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

پێنج مانگ بەسەر دەسپێکردنی ژەهراویکردنی کچانی قوتابی تێدەپەڕێت، کەچی هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی کاریگەریان بۆ پێشگرتن لەو جینایەتەی دژی کچانی قوتابی هەڵنەگرتووە و تەنانەت زۆرێک لە چاوەدێرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو باوەڕەن کە کۆماری ئیسلامی تاوانباری سەرەکیی ئەم جینایەتانەیە.