کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاکس نیوز: کۆماری ئیسلامی لە دەرمانداوکردنی قوتابخانەکاندا ڕاستەوخۆ دەستی هەیە

18:26 - 29 خاکەلێوه 2723

هەواڵدەریی "فاکس نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دەرمانداوکردنی قوتابخانەکانی کچان لە ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لەم جینایەتەدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕۆژنامەی فاکس نیوز ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لە نووسینی "پیتێر ئیتکین" بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بە دەرمانداوکردنی قوتابخانەکانی کچان لە ئێران ویستوویەتی لەم ڕێگەیەوە شۆڕشی نێوخۆی وڵات بێدەنگ بکات.

 پیتێر ئیتکین لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت کە بەپێی بەدواداچوونەکان لە دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسییەکان، هێرشە کیمیاییەکان لە ئێرانی خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە و تا ڕێکەوتی ١٤ی ئاپریل، ٢٣٨ هێرشی کیمیایی تۆمار کردووە و لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵێک زانیاریی گرینگی بەدەست هێناوە و ئەم هێرشانە زیاتر بۆ ترساندن و ھەڕەشەکردن لە خەڵکی ئێران بووە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە.

فاکس نیوز لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا بڵاوی کردووتەوە کە بەشی هەرەزۆری هێرشەکانی ڕێژیم، بۆ سەر قوتابخانەی کچانەیە و بە سەرنجدان بە ماهییەت و پێکهاتەی تەواوییەتخوازیی ڕێژیم و سەرمایەدانانی ئەم ڕێژیمە بۆ کۆنترۆڵی کۆمەڵگە، ڕوودانی ئەم حاڵەتە لە هێرشەکان بۆ سەر خەڵک بەبێ ئیجازەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، جێی تێڕامان و سەرنجە.