حاجی ڕەسووڵ ئیلاهی، باوکی شەهیدێکی کوردستان، خەڵکی گوندی قەڵاتاسیان سەر بە ناوچەی ڕەبەت، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، حاجی ڕەسووڵ ئیلاهی، باوکی شەهید بایز ئیلاهی، خەڵکی گوندی قەڵاتاسیان سەر بە ناوچەی ڕەبەت، لە تەمەنی سەد ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجی ڕەسووڵ، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و دێموکرات بوو کە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لەنێوان میراوا و موسالان لەسەر جاددەی پیرانشار- سەردەشت، وەک شارەزای ناوچەکە لە شەڕ لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، هاوکاریی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا کرد.
کوڕێکی حاجی ڕەسووڵ بە ناوی شەهید بایز ئیلاهی، لاوێکی تێگەیشتوو و چالاک و شارەزای ناوچەکە بوو و ساڵی ١٣٦٢ و لە ناوچەی عەلێئاوا لە بۆسەیەک کە لەسەر ڕێگەی هێزەکانی دوژمن دایاننابوو، لە شەڕێکی دەستەویەخەدا بەداخەوە شەهید کرا، هەروەها هێزەکانی دوژمنیش پاش ئەوەیکە خەسارێکی گەورەیان لێ کەوت، سەرشۆڕانە هەڵاتن.
حاجی ڕەسووڵ بە چەشنی شەهید بایز، مرۆڤێکی حیزبخۆشەویست و نەترس بوو و پشتیوانێکی بەهێزی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کوڕەکەی و وەفادارێکی بەحەقی ڕێگا و ڕێبازی شەهید بایز و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی بوو.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی حاجی "ڕەسووڵ ئیلاهی"، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕیزیان و سەرجەم خەڵکی ناوچەی ڕەبەت دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.