کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٢٠ کەسی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە وڵاتی ئازەربایجان

10:29 - 30 خاکەلێوه 2723

وەزارەتی نێوخۆی کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاند کە ٢٠ کەس کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بوون، لە ئازەربایجان دەسبەسەر کراون.

هەواڵدەریی "ئاپا" ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی لە زاری وەزارەتی نێوخۆی کۆماری ئازەربایجانەوە ڕایگەیاند کە ٢٠ کەسی خۆجێیی کە لەژێر ناوی چالاکیی ئایینی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەکرێ گیرابوون و سیخوڕییان بۆ ئەو ڕێژیمە دەکرد، دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، چەند ئاخوند کە لە حەوزەی عیلمییەی قوم دەرسیان دەخوێند دەسبەسەر کراون و ئەو کەسانە هەوڵی ڕووخانی دەوڵەتی سێکولار لە "باكۆ"یان داوە، هەروەها بازرگانیی ماددە هۆشبەرەیان کردووە.

جێگەی ئاماژەیە کە پاش هێرشی چەکداری بۆ سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران و هەوڵدان بۆ تێرۆرکردنی فازڵ مستەفا، نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئازەربایجان لە باکوو لەلایەن ٤ کەسی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە، پێوەندییەکانی دوو وڵاتی ئازەربایجان و ئێران زیاتر تێک چوو.

هەر لەم پێوەندییەدا "ئۆراڵ حاتەمی" لێکۆڵەر و کۆمەڵناس پێشتر بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٤٤ ساڵ دەسەڵاتدارییەکەیدا بەردەوام هەوڵی پەرەپێدانی ئایینی شیعەی لە ئازەربایجان داوە و لەو ڕێگەیەوە ویستوویەتی دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتە بکات.