کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی بە ڕەتکردنەوەی گشتپرسی، لەسەر پاوانخوازیی کۆماری ئیسلامی پێداگریی کردەوە

11:19 - 30 خاکەلێوه 2723

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵامی زۆرێک لە لایەنەکان و دژبەرانی ڕێژیمی ئێران، بە تایبەت کە لەسەر جۆری حکوومەت لە ئێران باسی گشتپرسی دەکەن، هەڵوێستی خۆی یەکلایی کردووە و لەسەر پاوانخوازییەکانی خۆی جەختی کردەوە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خاکەلێوە لە دیدار لەگەڵ کۆمەڵێک لە خوێندکارانی سەر بە حکوومەت، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە جیاوازەکانی ئێران، دژایەتیی کرد.

ناوبراو وتی: ''مەگەر پرسە جیاوازکانی ئێران بۆ گشتپرسی دەبێت؟ مەگەر هەموو خەڵک کە دەبێ لە گشتپرسیدا بەشداری بکەن، توانای لێکدانەوەی بابەتەکانیان هەیە؟ ئەمە چ قسەیەکە؟''

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆرێک لە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران و ناڕازییان و تەنانەت کەسانی سەرشناسی نێو خودی ڕێژیمیش لەسەر پێویستیی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، بە تایبەت لەسەر دیاریکردنی جۆری حکوومەت لە ئێران قسەیان کردووە.

بەپێی ئەسڵی ٥٩ی یاسای بنەڕەتییکۆماری ئیسلامی، بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بە دەنگی ٢ لەسەر ٣ی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم پەسەند دەکرێت. دوای ئاڵوگۆڕ لە یاسای بنەڕەتی لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، فەرمانی گشتپرسی لە دەسەڵاتی وەزیری نێوخۆی هاتە دەرەوە و بە دەسەڵاتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە زیاد کرا.

لە ڕەوتی ڕاپەڕینی سەرانسەری کە لە کۆتایی هاوینی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لە ئێران دەستی پێ کرد، زۆر جار لایەنە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران داوای ڕیفراندۆمیان کردووە.

خامنەیی پێشتریش لەو جۆرە قسانەی کردبوو و لە یەکەمین ڕۆژی مانگی خاکەلێوە، لە کاردانەوە بەو کەسانە کە داوای گۆڕینی پێکهاتەی ڕێژیمی ئیسلامی دەکەن، وتی: ''ئەمە هەمان قسەی دوژمنان و بێگانەکانە، بەڵام هێندێک لە خەڵک و گرووپەکان لە ڕووی بێ ئاگایی، هێندێک کاتیش لە ڕووی ئامانجی دیکە، باسی گشتپرسی دووپات دەکەنەوە.''

بە وتەی کارناسان، ڕێبەری ڕێژیم بەو قسانەی لەسەر بەڕێوەنەچوونی ڕیفراندۆم، جارێکی دیکە هەڵوێستی خۆی لەگەڵ دژبەرانی ڕێژیم و ناڕازییانی نێو حکوومەت یەکلایی کردەوە.

شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن، ئەو هەڵوێستانەی خامنەیی جارێکی دیکە دەریخست کە جۆری حکوومەتی دڵخوازی خامنەیی حکوومەتێکی پاوانخوازە. جیهانبینییەک کە لەودا خەڵک لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی دیکە، مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان نییە و ئەمە ڕێژیم یان لە کردەوەدا خودی ڕێبەرە کە لەسەر هەموو پرسەکان بڕیار دەدات.