کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دیمۆکرات لە وڵاتی دانمارک

11:22 - 30 خاکەلێوه 2723

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی سەید فەرەیدوون حوسێنی کوڕی سەید تۆفیق، لەدایکبووی ساڵی ۱۳٤٨ی هەتاوی و خەڵکی ئاوایی بۆڕیەر لە ناوچەی مەریوان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۲٤ی خاکەلێوەی ۱٤۰۲ی هەتاوی، لە وڵاتی دانمارک، بەهۆی وەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد.

کاک فەرەیدوون حوسێنی ساڵی ۱۳٨٤ی هەتاوی، پێوەندیی بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتەوە گرت و کار تێکۆشانی خۆی دەست پێ کرد و وەک ئەندامێکی چالاک و دڵسۆز هەڵسووڕانی تەشکیلاتیی هەبوو، بەڵام بەهۆی ئاشکرابوونی، ساڵی ۱۳٨٥ پێوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بوو.

سەید فەرەیدوون ماوەی ٤ ساڵ لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا ئەرکی خۆی وەک پێشمەرگە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە برد. ناوبراو خاوەنی بڕوانامەی فەوقی دیپلۆم لە ڕشتەی ڕیازیدا بوو و لە بەشی حیسابداریی کۆمیسۆنی ماڵیی حیزبی دێموکراتدا کاری دەکرد و بە هەموو تواناوە هەوڵی دەدا ئەرکەکانی خۆی بە باشترین شێوە ڕاپەڕێنێت.

 ناوبراو پاش ٤ ساڵ پێشمەرگایەتی، ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان مایەوە و لە دەیەی۹۰ی هەتاوی ڕووی لە هەندەران کرد و لە وڵاتی دانمارک گیرسایەوە و لەوێش وەک ئەندامێکی چالاک و دڵسۆز درێژەی بە کاری حیزبی دا.

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک فەرەیدوون، پرسە و سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.