کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بۆ بەدواداچوونی ژەهراویکردنی قوتابخانەی کچان لە ئێران

18:04 - 30 خاکەلێوه 2723

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوا دەکات کە سەبارەت بە هێرشە کیمیاییەکانی سەر قوتابخانەکانی کچان لە ئێراندا هەرچی خێراتر بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ڕاستەوخۆی نێودەوڵەتی بکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای کردووە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەدواداچوون بۆ هێرشە کیمیاییەکانی سەر قوتابخانەکانی ئێران بکرێت و هەر لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە گیانی میلیۆنان کچی قوتابی و خوێندکاری خەڵکی ئێران بەهۆی ئەو هێرشانەوە لە مەترسیدایە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەکەدا باسی لەوە کردووە کە بەدواداچوونی بۆ هێرشەکانی ڕێژیم لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە تا دوایین هێرشە کیمیاییەکانی ئەم چەند ڕۆژە کردووە و کاردانەوەی هێز و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیشی لەبەرچاو گرتووە.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە مافی خوێندن، تەندروستی و ژیانی میلیۆنان قوتابیی کچ بەهۆی ئەو هێرشە کیمیاییانەی ڕێژیمەوە لە مەترسیدایە و لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە ئەو کچانە لە نەخۆشخانەکان و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.