کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی مامۆستایانی تاران بۆ بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی و مانگرتن

10:41 - 12 خاکەلێوه 2723

مامۆستایانی تاران بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتن لە قوتابخانەکان و کۆبوونەوە لە بەردەم وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، بانگەوازێکیان بڵاو کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە، گرووپی بەدواداچوون بۆ داخوازییەکانی فەرهەنگییانی پارێزگای تاران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای لە مامۆستایانی ئێران کرد کە لە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەوە لە ئامادەبوون لە پۆلەکانی خوێندن خۆیان ببوێرن و ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خاکەلێوە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەردەم وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، بەشدار بن.

لە بەیاننامەی ئەم گرووپەدا، لەهەمبەر هەوڵەکانی ئەم دواییەی هەموو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە کۆمەڵگەی گەورەی فەرهەنگییان، ناڕەزایەتی دەربڕاوە و ئەو هەوڵانەیان بە "سووکایەتی و بێڕێزیکردن" وەسف کردووە.

پێشتر کانوونی سێنفیی مامۆستایانی ئێران لە پەیامی نەورۆزیی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە مامۆستایان لە ساڵی نوێیشدا لەسەر ناڕەزایەتی دەربڕینەکانیان دژی بەرپرسانی ڕێژیم، بەردەوام دەبن.

ساڵی ڕابردووی هەتاوی، وێڕای لەئارادابوونی ڕاپەڕینی ژینا لە سەرانسەری ئێران، مامۆستایانیش لە زۆرینەی شارەکان، بە دەیان جار مانیان گرت و دژی دەسەڵات کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.