کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٢٠٠ڕۆژەی شۆڕشی ژینادا

10:43 - 14 خاکەلێوه 2723

سمایل شەرەفی

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ ی هەتاوی، ٢٠٠ ڕۆژ بەسەر شۆڕشی ژینادا تێپەڕ دەبێ. ئەم شۆڕشە کە بە شەهیدبوونی کچێکی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵە(ژینا ئەمینی) لە شاری تاران دەستی پێکرد، نەتەنیا لە مێژووی جووڵانەوەی گەلانی ئێران‌دا دژ بە دیکتاتۆریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵکوو لەسەر ئاستی جیهان‌ لە شێوە و شێواز‌دا لە ڕیزی شۆڕشە کەم‌وێنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان‌دا جێ دەگرێ. لەم شۆڕشە‌دا‌ کە لە کوردستان و بە تێم و دروشمێکی تایبەتیی وەک "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە دەستی پێکرد، تەواویەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران کرایە ئامانج و نەمان و ڕووخانی ئەم ڕێژیمە تا ئێستاش، مەرامی سەرەکی و بنەڕەتییە.

ئێستا کە ٢٠٠ ڕۆژ بەسەر شۆڕشی ژینادا تێپەڕ دەبێ، لەوانەیە شۆڕشەکە لە ڕووی مەیدانییەوە تووشی نوشست و دامرکان بووبێ، بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە کە ئامانجەکانی ئەم شۆڕشە - بە پشتبەستن بە پۆتانسیێلێکی هەرە بەهێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نەتەوەکانی ئێران - کە بریتین لە بەگژداچوونەوەی دیکتاتۆری و هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتێکی ئازاد و دەسەڵاتێکی خەڵکی و دێموکرات، هەروا لە جێی خۆیان‌دان. لە هەر دەرفەتێکی گونجاو و مومکین‌دا شەقامی شارەکانی وڵات، یەکگرتووانە پڕ دەبنەوە لە دروشەمەکانی؛ "ژن، ژیان، ئازادی" و "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر" و، شۆڕشی ژینا بەهێز و ئەزموونێکی دیکەوە پێ دەنێتە نێو فازێکی دیکە لە نزیکبوونەوە لە ئامانجە بەرزەکانی خۆی.

شۆڕشی ژینا لە ماوەی ٢٠٠ ڕۆژی ڕابردووی خۆی‌دا بە کۆمەڵێک قۆناغ و وێستگەی  جیاواز و پڕ لە ئەزموون‌دا تێپەڕیوە. ئەم شۆڕشە لە نێوەڕۆک و ماهییەت‌دا لە ڕیزی شۆڕشە مودێرن و پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان‌دا جێ دەگرێ کە تیادا کۆمەڵێک چەمک و مەفهوومی ئەمڕۆژی دەبنە تەوەری سەرەکی و ڕەهەندێکی جیهانی پێ دەبەخشن. بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە تیایدا ژن تێم و مەفهوومی سەرەکیی شۆڕشەکەیە، دەبێتە هۆی ئەوەیکە ژنان و کچان لە ڕیزی پێشەوەی‌دا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن و بەگوڕتر لە هەمیشە بەگژ ڕێژیمێک‌دا بچنەوە کە ژنان ٤٤ ساڵە بەهۆیەوە بێ‌ڕێزی بە ڕەگەز و کەرامەتی ئینسانییان دەکرێ. هەروەها دیاربوون و ڕۆڵی بەرچاوی نەتەوەکانی ئێران و لە سەرووی هەمووانەوە دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ لەم شۆڕشە کە دواتر بۆ پشتیوانیی ئەوان‌ گەورەشارەکان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران‌دا خرۆشان و پەیوەست بە شۆڕشەکە بوون، سەرنجی کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و وڵاتانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

لە شۆڕشی ژینادا ئەوەندەی پێوەندی بە نێوخۆی وڵاتەوە هەیە، خەڵک بە هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە، یەکگرتووانە زۆر ڕاشکاوانە و ڕوون بە هاتنە سەر شەقامەکان پەیامی خۆیان بە گوێی تەوایەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا دا کە "ئەو نیزامەیان ناوێ". لەم پێناوەدا ئەوان لە ماوەی ئەو ٢٠٠ ڕۆژەدا و بەتایبەت لە مانگەکانی سەرەتای شۆڕشەکەوە ڕووبەڕووی بێ‌بەزەییانەترین سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم بوونەوە و بە دانی نزیک بە ٦٠٠ شەهید، هەزاران بریندار و دەیان هەزار زیندانی، سەلماندیان کە وەک شۆڕشگێڕانێکی لیبڕاو، شۆڕشێکی یەکلاکەرەوەیان دژ بە کۆماری ئیسلامی دەست پێکردووە.

لەم پێوەندییەدا ئەوەی وەک هەمیشە هەستی پێکرا و هەستی پێ دەکرێ، مەسەلە و پرسی "مودیرییەتی قۆناغی تێپەڕین و قۆناغی دوای نەمانی ڕێژیمی ئێستایە" کە وەک دەرکەوت کاریگەریی لەسەر شۆڕشەکەش دانا. وەک زۆر جار باس کراوە؛ باشترین بەربژێر هەر ئەوە بوو کە لە نێوخۆی وڵات‌دا دەرفەت و مەجالی ئەوە هەبا کە حیزب و لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بیر لەو قۆناغانە بکەنەوە و نەخشە ڕێگایەکی درووست وێنا بکەن و هیوا و هومێد بە شەقامەکان ببەخشن. بەڵام بەداخەوە لە نەبوونی ئەو دەرفەت و ئیمکانە لە نێوخۆی وڵات، دەبوو هێز و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات، پێکەوە لە خەمی قۆناغی تێپەڕین و پرسی ئاڵترناتیڤ‌دا بان کە بەداخەوە بە هۆی پەرتەوازەیی و دووربوون لە نێوەڕۆک و پەیامەکانی شۆڕشی ژینا و هێندێک هۆکاری نادیاری دیکە، تا ئێستاش ئەو کارە بە تەواوەتی نەکراوە. بە واتایەکی دیکە؛ نەتەنیا ئەو کارە نەکراوە بەڵکوو خودی ئەو باسە تا ڕادەیەکی بەرچاو شوێنەواری ئەرێنیی لەسەر شۆڕشەکە دانا.

دووربوون لە فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیی نێوخۆی وڵات، ئەقڵییەتی تەواویەتخوازی و حەز بە گەڕانەوە بۆ ناوەندگەرایی و حاشاکردن لە فرەیی و جۆراوجۆریی پێکهاتەی نەتەوەیی لە وڵات و نەبوونی متمانە، لەو هۆکارانەن کە نەتەنیا بوونەتە هۆی پرش و بڵاویی نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکنەهاتنی ئاڵترناتیڤ، بەڵکوو ڕاستەوخۆ شوێنەواریان لە سەر چالاکمانەوەی شۆڕشەکە دانا و شەقامیان تووشی جۆرێک لە بێ‌هیوایی و لەهەمانکات‌دا تێڕامان(گەڕانەوەیەکی مەعریفی بۆ خۆی) کرد کە لەگەڵ ئەوەی‌دا کە لە کورتخایەن‌دا نەرێنی بوو، بەڵام دەکرێ بۆ درێژخایەن لە قازانجی شۆڕشەکەدا بشکێتەوە و ئەرێنی بێ.

لایەنێکی دیکەی شۆڕشی ژینا پشتیوانیی کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و وڵاتان بوو کە لێرەدا بەتایبەتی مەبەستمان ڕۆژاواییەکانن. لە گەرمەی شۆڕشەکەدا کۆڕ و کۆمەڵ و پارلمانەکانی ئورووپا بەشێوەی سەمبولێک و بە ئێعتباری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و ڕۆڵی بەرچاوی ژنان و کچان، پشتیوانیی خۆیان دەربڕی و تا ئێستاش کەم و زۆر بەردەوامن. بەڵام لەسەر ئاستی دەوڵەتان لەگەڵ ئەوەیکە بە پانەوە ڕەفتاری توندوتیژ و سەرکوتکەرانەی ڕێژیمیان مەحکووم دەکرد، هەموویان هەوڵیان‌ ئەوە بوو کە زیاتر چاودێریی ڕەوتی ڕووداوەکان بکەن. لەسەر مەسەلەی بیرکردنەوە لە قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی و دەرکەوتنی لاوازییەکانی پێوەندیدار بە مودیرییەتی شۆڕشەکە و ڕوانگە جیاواز و دوور لە یەکەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ داهاتووی ئێران و کێشەکانی پێوەندیدار بە پرسی هاوپەیمانی و ئاڵترناتیڤ، ڕۆژئاواییەکان هەڵوێستەیەکیان کرد و وەک سیاسەتی هەمیشەییان، سیلەچاوێکیان بڕییەوە سەر نیزامی دەسەڵاتدار لە تاران و هێنانەوە بەرباسی بەرجام.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لەم فەزایە و خۆکردنەوەیەک بەڕووی وڵاتان و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و یەک لەوانە عەرەبستانی سعودی بە نێوبژیوانیی چین، بەجۆرێک دەیهەوێ سەرنجی ڕۆژاواییەکان بۆلای خۆی ڕابکیشێتەوە و هێندێک لە قورسایی شۆڕشی ژینا لەسەر خۆی کەم بکاتەوە. بەڵام لەسەر ئاستی نێوخۆی وڵات و بەرانبەر بە شۆڕشی ژینا، وێدەچی کە درێژە بە سیاسەتی فشار و سەرکوت بدات کە لەم سۆنگەوە دەتوانین بڵێین:

١- گەلانی ئێران لە درێژەی ئەم شۆڕشەدا لە هەر مەجال و دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن و بە خۆڕێکخستنەوەیان بۆجارێکی دیکە شەقامەکان بەدەستەوە دەگرن و ئەم شۆڕشە لە ڕووی جەماوەرییەوە زیاتر پەرە دەستێنێ.

٢-  بەسەرنجدان بە مەترسییەکانی ئەقڵییەتی تەواویەتخواز و حەز بە گەرانەوە بۆ نیزامێکی تاقیکراوەی فاشل، شۆڕشی ژینا لە پرۆسەیەکی مەعریفی‌دا، زیاتر هیوابەخۆ دەبێت و لە خۆی‌دا بیر لە ڕێبەری و بنیاتنانەوەی ئێرانی داهاتوو دەکاتەوە. بۆیە لە گوڕگرتنەوەی شەقامەکان‌دا دروشمی" نە مان دەوێ نە ، مەرگ بۆ " زیاتر خۆی دەنوێنێ.

 

لەم نێوەدا کوردستان بە ئێعتباری بزووتنەوە پڕ لە سەروەرییە مێژووییەکەی و بە ئێعتباری پێشەنگ‌بوونی لە شۆڕشی ژینادا، وەک "چاو و چرا"ی شۆڕشەکە دەمێنێتەوە و پێگەی خۆی دەپاڕێزی. لەنێوخۆی وڵات‌دا خەڵک بە یەکگرتوویی و هوشیارییەوە دەجووڵێتەوە و لەسەر ئاستی حیزب و لایەنە کوردییەکانیش، وەک تا ئێستا نیشانی داوە، حیزبەکانی کوردستان بە پاراستنی پێوەندیی ئۆرگانیکی و ڕۆژانەیان لەگەڵ خەڵکی خۆیان، بە دەرک بە داخوازییەکانی سەر شەقام، پشتیان بە ئیرادەی گەلی خۆیان قایمە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک لە شۆڕشی ژینادا بە پێڕەوکردنی سیاسەتی درووست و واقعبینانە، هەوڵی داوە هاوکات لەگەڵ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات، بەرانبەر بە ئەقڵیەت و تێفکرینی تەواویەتیخوازی لە دەرەوەی وڵاتیش ڕابوەستێ، لەمەوبەولاش بە و ڕوانگەیەکی نێوخۆییانەوە بە پشتبەستن بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان، لە پێکهێنانی هاوپەیمانی و بنیاتنانی نیزامێکی دێموکرات و وڵامدەردا ڕۆڵ دەبینێ.