
ئەمریکا گەمارۆی خستەسەر کەسێک و شەش ڕێکخراوی پشتیوانی پیشەی سەربازی و دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران.
ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، گەمارۆی خستە سەر باندێکی دابینکردن و پشتیوانیکردن لە پیشەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەرنامەی سەربازیی ڕێژیمی ئێران.
نووسینگەی چاوەدێریی داراییەکانی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کەسێک و شەش کۆمپانیا کە لە کڕینی کەرەستەی سەربازی و بەتایبەتی کڕینی کەرەستەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕێژیمی ئێران دەستیان هەبووە، خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
مەهدی خۆشقەدەم، بەرپرسی کۆمپانیای ئێرانیی "پاسنا" بەهۆی دەور و نەخشی لە دەورلێدانی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ڕێژیمی ئێران، لەلایەن ئەمریکاوە خرایە لیستی گەمارۆکانەوە و بەپێی ئەو گەمارۆیە، ئیزنی پێ نادەن بچێتە نێو خاکی ئەمریکاوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە کۆمپانیای ئێرانیی "پەردازان سیستم نەمادی ئارمان" و کۆمپانیاگەلێک لە مالزی، هۆنگکۆنگ و چین، بەهۆی دەورلێدانی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران، خراونەتە لیستی ڕەشی گەمارۆکانەوە.
برایان نیلسۆن، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە ئەو کۆمپانیاگەلەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر، ڕاستەخۆ کەرەستەی تایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە وڵاتانی دەرەوە کڕێوە و ڕەوانەی ئێرانیان کردووە.
ناوبراو هەروەها لەسەر ئەوە جەختی کردەوە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لەسەر دانانی گەمارۆ دژی بەرنامە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهانی تێ کداوە، بەردەوامە.