کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشە کیمیاییەکانی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەکان

11:52 - 31 خاکەلێوه 2723

هێرشە کیمیاییە بەرنامەداڕێژراوەکان بۆ سەر قوتابخانەکان هێشتا بەردەوامە و ڕۆژی ڕابردوو هێرش کراوەتە سەر ١٠ قوتابخانە لە شارەکانی تاران، ورمێ، هەمەدان، قەزوێن، سەقز، دێزفوول و ئەردەبیل.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، سێ هێرشی کیمیایی کرایە سەر دوو قوتابخانەی ناوەندیی کچانەی "نەسیری" و "ئەبوزەر" و هەروەها قوتابخانەی کچانەی "نەسیم" لە شاری ورمێ و بەم هۆیەوە زیاتر لە ۵٠ قوتابی ژەهراوی کران و بۆ بەشی فەریاکەوتنی نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی ئەو شارە گواستراونەتەوە.

هاوکات هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەکانی "ئوممەت" و "یەحیا"ی تارانپارس لە شاری تاران و هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی "چەمران" لە شاری هەمەدان و کۆمەڵێکی زۆر قوتابی ژەهراوی کران.

لە هێرشێکی جیاوازدا بۆ سەر قوتابخانەی کچانەی "پیشتازانـ"ـی شاری دێزفوول، قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە ژەهراوی کران. لە کاتی هێرش بۆ سەر ئەو قوتابخانەیە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە سەرەڕای سڕینەوەی فیلم و وێنەی ئەو تاوانە لە مۆبایلی قوتابییەکاندا، ڕێگەی بە بنەماڵەکانیشیان نەداوە بچنە نێو قوتابخانەکە و منداڵەکانیان ببەنەوە.

هەر لە درێژەی ئەو هێرەشە بەرنامەداڕێژراوانەدا هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی "کەوسەر" لە جووتسایدی کوردستانی شاری سەقز و کۆمەڵێک قوتابی ژەهراوی کران.

لە ڕەوتی ئەم هێرشانەدا، هێرشیش کراوەتە سەر قوتابخانەکانی "مەعسوومەی پەرویز" لە شاری قەزوین و "بەهاران" لە شاری ئەردەبیل.