کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری تێکدانی ژینگە و ئاسەواری مێژوویی کێوی باڵوقایە لە سەقز، نیگەرانییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە

12:08 - 31 خاکەلێوه 2723

ئەگەری وەگەڕخرانی کانگای بەرد لە داوێنی کێوی مێژوویی باڵوقایە لە سەقز لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، مەترسییەکی گەورەی بۆ تێکدانی ژینگە و ئاسەواری میژوویی ئەو کێوە دروست کردووە.

لەم ڕۆژانەدا بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڕەشەئامێزی لێدانی کانگا لە کێوی بەناوبانگی ''باڵوقایە'' کە لە سەقز لەنێوان گوندەکانی ئەحمەدئاوا، ئاخکەند، سەرکەل، یازیبڵاغی و سەراو هەڵکەوتووە و گرینگییەکی تایبەتی لە بواری مێژوویی و ژینگەییەوە هەیە، نیگەرانییەکی زۆری بۆ خەڵک و ژینگەپارێزان و پارێزەرانی ئاسەوارە مێژووییەکان دروست کردووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی تێکدانی ئاسەواری کۆنی مێژوویی کێوی باڵوقایە وەک قەڵا، ئەشکەوت و گۆڕستان، مۆڵەتی بە دەستوپێوەندییەکانی خۆی داوە کە کانگای بەرد لە داوێنی ئەو کێوە دامەزرێنن و لەسەر تێکدانی ئەو کێوە کار بکەن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەشکەوتی ''باڵوقایە'' کە لەو کێوە هەڵکەوتووە، ژینگەی گیانلەبەرێکی زۆرە کە یەک لەوان داڵاشێکی تایبەتە؛ ئەم ئەشکەوتە بووەتە شوێنی گەشتیاری و شاخەوانی و هەموو ساڵێک گەشتیار و شاخەوانێکی زۆر سەردانی دەکەن.

هەروەها قەڵای باڵوقایە لەو کێوە وێڕای ئەوەیکە ئاسەوارێکی دەگمەنە، هێشتا بە تەواوی نەناسراوە.

هەتا ئێستا خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری کێوی باڵوقایە و چەندین ئەنجومەنی ژینگەپارێزی و شاخەوانی لە سەقز، بە مەبەستی پێشگرتن لە وەگەڕخرانی کانگا لەو کێوە هانایان بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکان بردووە و نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.

بەپێی یەکێک لە بەڵگەکان، ئەو شوێنە لە ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی، وەک شوێنەوارێکی مێژوویی تۆمار کراوە و خەڵک چاوەڕوانییان لە ئیدارەی میراسی فەرهەنگییە کە بە جیدییەتەوە بۆ پاراستنی ئەو کێوە هەنگاو هەڵبگرێت.

جێگەی ئاماژەیە کە خەڵکی سەقز و گوندەکانی نزیک کێوی باڵوقایە، هۆشدارییان داوە کە لە ئەگەری وڵامنەدانەوەی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم و ئەگەری دەستپێکردنی دەرهێنانی بەرد لەو کێوە، بە جیدییەتەوە ڕووبەڕووی دامەزراوەکانی دەرهێنانی بەرد لەو کێوە دەبنەوە.