کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی داواکارییەکان بۆ زیادکردنی سپای پاسداران بە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان

16:57 - 31 خاکەلێوه 2723

١٢٥ ئەندامی پارلمانی بریتانیا لە نامەیەکدا بۆ "ڕیشی سوناک"، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بە ئاماژەدان بە کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر زیادکردنی سپای پاسداران بۆ لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان جەختیان کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، ئەو نوێنەرانە بە ئامادەکردنی لیستی مەترسییەکان و کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران، ئاماژەیان بە ناسەقامگیرکردنی سیستماتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لەلایەن سپای پاسداران و کوشتنی هەزاران کەس و فراوانبوونی زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران کرد.

هەروەها لە نامەکەدا باس لە پیلانگێڕی بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی بریتانیا و جوولەکەکانی ئەو وڵاتە کراوە و تێیدا هاتووە کە ئیتر هەڕەشەکانی سپای پاسداران بە هەزاران کیلۆمیتر دوور نییە و ئێستا سپای پاسداران لە کەناراوەکانی بریتانیا چالاکی دەکات.

لە بەشێکی تری ئەو نامەیەدا وێڕای ستایشی زیادکردنی "حیزبوڵڵا و حەماس" بۆ لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان، داوای زیادکردنی سپای پاسداران بۆ لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان وەک پاڵپشت و پشتیوان، ڕاهێنەر و دابینکەری سەرەکیی دارایی ئەو گرووپانە دەکات.

شایانی باسە ڕێکەوتی٢١ی خاکەلێوە، ١٣٠ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر ئورووپا، خوازیاری ئەوە بوون کە سپای پاسداران بخرێتە ناو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپاوە.