کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ژنان سەبارەت بە هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ چەوساندنەوەی زیاتری کچان و ژنان

22:11 - 31 خاکەلێوه 2723

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ چەوساندنەوەی زیاتری کچان و ژنان بڵاو کردەوە و جەختیان کردەوە کە خەباتی "ژن ژیان ئازادی" ناوەستێت و هەموو هەوڵێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو پێناوەدا شکست دێنێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی هێژا!

هەروەک ئاگادارن ماوەی نزیک بە پێنج مانگە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی دڕندانەی دژ بە کچانی ئەم وڵاتە دەست پێ کردووە و گیان و دەروون و ژیانی قوتابییانی خستووەتە مەترسیی جدییەوە.

ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەستپێکی حوکمڕانی نگریسی خۆیەوە و بە ئاشکرا دژایەتیی ژنان و هەموو چەشنە ئازادی و مافێکی ژنانی کردووە و تا ئێستاش لە هیچ کردەوەیەکی قێزەون بۆ سەرکوتکردنیان سڵی نەکردووەتەوە.

لە دوای دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەرەسەندنی ئەم شۆڕشە بۆ سەرانسەری ئێران و دەستەوەستانیی ڕێژیمی ئێران و چاونەترسیی خەڵکی ئازادیخواز لە بەرانبەر سەرکوتەکانی ئەم ڕێژیمە دڕندەیە، شێوازێکی دیکە لە سەرکوت بە تایبەتی دژ بە کچانی قوتابی لە شارە جیاجیاکانی ئێران و کوردستان دەستی پێ کردووە و بووەتە هۆی مەترسیی جیدی بۆ سەر ژیانی کچان لە قوتابخانەکان.

کیمیاییکردنی قوتابخانەکان لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و خستنە مەترسیی گیانی قوتابییان و ئاڵۆزکردنی بنەماڵەکانیان و هەروەها ناڕوونی لەسەر ئەم دۆسیەیە کە ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێدەپەڕێت، خۆی دژایەتیی ڕاستەوخۆی ئازادی و مافی هەبوون و مافی سڵامەت و خوێندنی کچان و ژنانە.

ئێمە وەکوو یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو باوەڕەداین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران مێژوویەکی دوورودرێژی دژایەتی لەگەڵ مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییانی هەبووە و سناریۆسازی بۆ سەرکوت و کوشتن و بڕین یەکێک لە ئەسڵەکانی حوکمڕانیی ئەم حکوومەتە دیکتاتۆرییەیە.

هەر لەم سۆنگەیەوە پێمان وایە سناریۆی ژەهراویکردنی کچانی قوتابی بە تەواوەتی لەلایەن ژوورە فکرییە دژە ژنەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شۆرشی "ژن ژیان ئازادی"و سەرکوتی ژنان و کچان و پاشەکشە پێکردن بە ئازادیخوازان دادەڕێژڕێت و بەڕێوە دەچێت.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای هاودەردی دەربڕین لەگەڵ قوتابییان و بنەماڵەکانیان خۆی بە پشتیوانی هەر جۆرە داواکارییەک لەلایەن بنەماڵەی قوتابییان و لە سەرووی هەموویانەوە داوای ڕوونبوونەوەی ئەم بابەتە و سزادانی بکەرانی ڕاستەقینەی ئەم سناریۆیانە دەزانێت و خوازیارین لە دیاسپۆرای کوردی ئەم بابەتە بە گرینگ وەربگرن و بۆ سزادانی ڕێژیمی ئێران و مەحکوومکردنی ئەم کردەوانە لە هیچ هەوڵێک لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان درێخی نەکەن.

دڵنیاین خەباتی ژن ژیان ئازادی ناوەستێت و هەموو هەوڵێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو پێناوەدا شکست دێنێت.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۳٠ی خاکەلێوەی ۲۷۲۳ی کوردی