کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ئێران ساڵانە ٧٠٠ میلیۆن دۆلار یارمەتیی حیزبوڵڵا دەکات

11:01 - 1 بانەمەڕ 2723

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ئاماژەدان بەوەیکە ڕێژیمی ئێران ساڵانە ٧٠٠ میلیارد دۆلار یارمەتیی ماڵیی حیزبوڵڵای لوبنان دەکات، وتی: ئەو ڕێژیمە بەردەوام چەکوچۆڵ و مووشەک  بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دەنێرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی"تایمزی ئیسرائیل"، گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە یارمەتیگەیاندنی ماڵی و چەکوچۆڵی بە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمەکەی.

هەروەها ناوبراو وتیشی، ڕێژیمی ئێران ساڵانە ١٠٠ میلیۆن دۆلار یارمەتیی ماڵیی گرووپی حەماس و هەروەها ساڵانە دەیان میلیۆن دۆلار یارمەتیی ماڵیی گرووپی جیهادی ئیسلامی، بە مەبەستی ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا، دەکات.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە درێژەدا وتی: ئەگەری هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لە چەند بەرەی شەڕەوە زۆرە و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران،  لە هەڕەشەکردن و کردەوەی تێرۆریستی لە ئیسرائیل، بەردەوامن.

ناوبراو هەروەها لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتی: ئەوە ڕێژیمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی نزیک دەبێتەوە و دەبێ بە خێراترین کات پێش لە سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە بگیردرێت.